حاكم زاملی : عێراق پێویستی بە S 400 ی رووسی هەیە، بەڵام ئەمریكا ڕێگە نادات

دوو شەممە, 26 شوبات 2018 06:40

 

 

سەرۆكی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا پێویستی بە سیستەمی مووشەكی ئێس (400) ە لە ڕووسیاو ئەمریكاش نایەوێت چەك بە عێراق بفرۆشێت.

بەپێی هەواڵێكی ڕاشا تودەی، (حاكم زاملی) سەرۆكی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: عێراقی مافی خۆیەتی چەكی پێشكەوتوو بۆ بەرگری كردن لە خۆی بە دەست بێنێت، وتیشی: عێراق وڵاتێكە كە ڕووبەڕووی مەترسی تیرۆر بۆتەوە، ئێمە لە وڵاتەكەمان شوێنی پیرۆزی مەزهەبی زۆرمان هەیە كە دەبێت بەرگری لێبكرێت.

ئەو لە درێژەدا باسی لەوەكردووە، ئێمە پێویستمان بە سیستەمی مووشەكی ئێس (400) بۆ بەرگری لە عێراق هەیەو بە دوای كڕینی ئەم سیستمەین، ئەمریكا هیچ دڵی پێوە نییە كە سوپای عێراق پڕچەك بكات، بەڵكو پێی خۆشە كە عێراق بكاتە گۆڕەپانی نەخشەو پیلانەكانی خۆی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێشتر سەبارەت بە كڕینی چەك لە ڕووسیا لەلایەن بەغداوە هۆشداری بەو وڵاتە دابوو.

 

ئـ . كـ