كۆمسیۆن هۆشداری دەداتە كاندیده‌كان

یەک شەممە, 11 ئازار 2018 13:42

 

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ قه‌واره‌ و كاندیده‌كان، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هۆشداری ده‌دات و لەڕێگەی فەرمانگەیەكی تایبەتەوە چاودێری بانگەشەی قەوارە سیاسییەكان دەكات.

رزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند: هەموو قەوارەو كاندیدێك بۆیان هەیە لەچوارچێوەی رێنماییەكانی كۆمسیۆن، هەڵمەتی بانگەشەی خۆیان بكەن، بەو مەرجەی تەشهیری تێدا نەبێت و لەشوێنی نەشیاویش پۆستەر هەڵنەواسن، شوێنە گشتی و ئاینی و حكومییەكانیش بەكارنەهێنن، هەر كەسێك لەدەرەوەی ئەوانە بانگەشە بكات، سزای دارایی و یاسایی دەدرێت.


جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وتیشی: لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییە جەماوەرییەكانی كۆمسیۆنەوە چاودێری هەموو كەناڵە فەرمییەكان و میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش دەكەین، بۆئەوەی قەوارەو كاندیدەكان لەڕێنماییەكان دەرنەچن.


ناوبراو بۆ میدیایه‌كی نزیك له‌ یه‌كێتی دەڵێت: هەر قەوارەیەكی سیاسی لەئێستاوە بانگەشەی هەڵبژاردن لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەست پێبكات و ژمارەی قەوارەكەی دیاری كردبێت، راستەوخۆ ئاگاداری دەكەینەوە كە پێشێلكاری كردووە، بەڵام تائێستا هیچ قەوارەیەكی سیاسی بانگەشەی بەژمارەی قەوارەكەیەوە نەكردووە.


رزگار حاجی حەمە ئاشكرایكردووه‌، كۆمسیۆن تەنیا رێكاریی یاسایی و سزایی دارایی قەوارەو كاندیدەكان دەگرێتەبەر، كە ئەویش لەیەك ملیۆنەوە دەستپێدەكات بۆ 50 ملیۆن دینار.

 

 

ش.م