داعش مەترسی لەسەر ئەم شارە دروست كردووە

دوو شەممە, 12 ئازار 2018 07:56

 

 

سەرۆكی لێژنەی ئەمنی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریدا لەئەگەری پەلاماری گروپە چەكدارەكانی داعش بۆ سەر شاری سامەراو مەزارەكانی عەسكەری و داواشی كرد، وەزارەتی بەرگری كار بۆ ئەوە بكات مەترسییەكانی داعش دووربخاتەوە.

بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی عەرەب، (حاكم زاملی) سەرۆكی لێژنەی ئەمنی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریداوە لەئەگەری جارێكی تری پەلاماری داعش بۆ سەر شاری سامەرا كە دەكەوێتە باكووری بەغدا بەدووری (125) كیلۆمەتر.

بەپێی ئەم سەرچاوەیە، ژمارەیەك چەكداری داعش لە ناوچەی فەتحە خۆیان حەشار داوەو هەر بەم هۆیەوە زاملی داوای كردووە وەزارەتی بەرگری عێراق هەرچی زووترە ئەم ناوچەیە پاك بكاتەوە.

زاملی وتی: گروپە چەكدارەكانی داعش خۆیان بۆ هێرشی زیاتر لە ناوچەكە ئامادە دەكەن، لەحاڵی ئێستاشدا (11) هەزار هێزی عێراقی لە باشووری سامەرا جێگیر بوون، بەڵام ئەم ناوچەیە پێویستی بە هێزی زیاتر هەیە.

 

ئـ . كـ