كۆمسیۆن : "ژماره‌یه‌ك له‌ تۆمارى ده‌نگده‌ران له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق"

یەک شەممە, 13 ئایار 2018 12:53


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13/ 5/ 2018 ، ئاشكراى كرد، ژماره‌یه‌ك له‌ تۆمارى ده‌نگده‌ران له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات دزراون، ڕوونیشی كرده‌وه‌، كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ جیاكردنه‌وه‌ و ژماردنى ده‌نگه‌كان، دوا كه‌وتووه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان، ڕای گه‌یاند: "ژماره‌یه‌ك له‌ تۆمارى ده‌نگده‌ران له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق، دزراون، ئه‌وه‌ش واى كردووه‌ ئه‌نجامه‌كانى جیاكردنه‌وه‌ و ژماردنى ده‌نگه‌كان له‌ده‌نگدانى تایبه‌تی ئه‌وانه‌ى له‌ 10/ 5/ 2018 له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌نگیان داوه‌، په‌كی بكه‌وێت".



ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، كه‌ كۆمسیۆنه‌كه‌یان به‌دواى ئه‌و تۆمارانه‌وه‌یه‌ و له‌ماوه‌ى 24 كاتژمێری تردا ده‌یانگه‌ڕێنێته‌وه‌، گوتیشی: "ڕاگرتنى پرۆسه‌ى جیاكردنه‌وه‌ و ژماردنى ده‌نگه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌و ڕووداوه‌وه‌".


ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه‌ پرۆسه‌ى جیاكردنه‌وه‌ و ژماردنى ده‌نگه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ده‌ست ده‌كرێت و چاودێران ئاماده‌ى پرۆسه‌كه‌ن بۆیه‌ بوارى هیچ ده‌ستكاری و ساخته‌كردنێكى تێدا نییه‌.


f.q