یەكەم ئەنجامی كۆبونەوەكانی قاسم سلێمانی، دورخستنەوەی سێ كەسایەتی لێكەوتەوە لە پۆستی سەرۆك وەزیران

چوار شەممە, 16 ئایار 2018 10:07

 

ڕۆژنامەیەكی لوبنانی ئاشكرای دەكات، ئەگەرچی قاسم سلێمانی فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، كەمێك دوای بریك ماكۆرگ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا گەشتە بەغدا، بەڵام ئێستا لە ناوچەی سەوز سەرقاڵی رێكخستنەوەی نێوماڵی شیعەیە و دەیەوێت جێدەستی وڵاتەكەی لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا دیاربێت و ئەنجامی سەرەتایشی دەستكەوتووە بۆ دورخستنەوەی ڕەوتی سەدر لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق.


ڕۆژنامەی ئەخباری لوبنانی نزیك لە حیزبوڵای لوبنانی نوسیویەتی" قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستی بە كۆبونەوەكانی كردووە و یەكەم دیداریشی لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە بووە و پێكەوە گفتوگۆیان لەسەر ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو كردووە ".


هەروەك قاسم سلێمانی داوای لە ئیبراهیم جەعفەری كردووە كە ڕۆڵی نێوەندگر ببینێت لە نێوان لایەنە شیعیەكاندا چونكە لای هەمووان ڕێزلێگیراوە، بەڵام جەعفەری داوای كردووە جارێك چاوەڕێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان بكەن".


هەروەك ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژە بەوەكردووە، فەرماندەی سوپای پاسداران كۆبونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ هەردوو باڵی حیزبی دەعوە سەر بە نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی و سەركردەكانی لیستی فەتحی سەر بە حەشدی شەعبی.


لە كۆبونەوەكەیاندا هەمووان ڕێكەوتن لەسەر ئیمزاكردنی پەیمانی شەرەف و كاندید نەكردنی هەرسێ كەشایەتی دیاری شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كە بریتین لە ( حەیدەر عەبادی و هادی عامری و نوری مالیكی) بۆ ئەوەی گەورەترین لیستی شیعە دروست بكەن.