سەدر یەك مەرجی هەبووە بۆ كاندیدكردنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران

یەک شەممە, 20 ئایار 2018 08:33

 


شەوی ڕابردوو، هەردوو سەركردەی شیعەكان حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر دوو براوەی هەڵبژاردن یەكەمین دیداری دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانیان ئەنجامدا و سەرچاوەیەكیش مەرجی سەدر بۆ بونەوەی عەبادی بەسەرۆك وەزیران ئاشكرا دەكات.


ڕۆژنامەیكی عێراقی ئاشكرای كردووە موقتەدا سەدر بە فەرمی ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ ئەوەی عەبادی ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتیەكەی وەربگرێت.


مەرجی سەدر بۆ عەبادی بریتی بوە لە هاتنەوەی دەرەوەی لە حیزبی دەعوە و جیابونەوە لێی ، لەگەڵ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لە دژایەتی گەندەڵی بەتایبەت دژ بە هەندێك ناوی دیاری نێو پرۆسەی سیاسی.


شەوی ڕابردوو بۆ یەكەم جار دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی وەك دوو براوەی هەڵبژاردن كۆبونەوە و هەردوولا تاوتوێی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقیان كرد.

بەیانی ئەمڕۆ یەك شەممە موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی بۆ ڕای گشتی خستە ڕوو تیایدا هاتووە" كۆبونەوەمان لەگەڵ عەبادی نامەیەكی دڵنیایی بوو بۆ ئەوە هەموو لایەك كە حكومەتی داهاتوو گشتگیر دەبێت و هیچ لایەك دورناخرێتەوە".

وتیشی" دەست درێژ دەكەین بۆ هەموو لایەك لە پێناو هەر چی زوو پێكهێنانی حكومەتی نوێ"

لای خۆیەوە لە بەیاننامەیەكدا حەیدەر عەبادی داوای لە هەموو لایەنەكان كردووە ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ بكەن سەرەڕای نیگەرانیەكان و داواش لە كۆمسیۆن دەكەین بەدوای سكاڵاندا بچن".
وتیشی" هەمووان كاردەكەین بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كە خزمەتگوزاریەكان و هەلی كار دابین بكات".