كاكەیی : ئەنجوومەنی كۆمسیاران دادگایی دەكرێن

چوار شەممە, 13 حوزەیران 2018 06:11

 

 

(سەعید كاكەیی) ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، دادگایی كردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە خۆشمەوە بێگومان هەر ڕوودەدات، بەڵام ئەوە لەسەر كات ماوەتەوە كەی دادگا بڕیاردەدات, چونكە ئەوەی لەهەڵبژاردنەكان ڕوویدا نەك پێشێلكاری بەڵكو تاوانی هەڵبژاردن بوو، دەشڵێت: جۆرێك لەسەر لێشێواوی بە ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە دیارە بۆیە ڕۆژمان گەیشت بەم ڕۆژە.

كاكەیی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەمیانەی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا باسی لەوەكرد، كە ئەنجوومەنی دادوەری سەرۆكێكی نوێی بۆ كۆمسیۆن لەگەڵ جێگرو بڕیاردەرو تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەستنیشانكرد، كە ئەوانە جێگرەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیارانن لەگەڵ ئەوەشدا لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی كۆگاكانی كۆمسیۆن.

كاكەیی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقی تۆمەتباركرد بە كەوتنەوەی ئاگرەكەی كۆمسیۆن و ڕایگەیاند، من بەش بەحاڵی خۆم كۆمسیۆن بەبەرپرس دەزانم لەكەوتنەوەی ئەو ئاگرە، چونكە ئاگرەكە لەناوەوەی كۆگاكە كەوتۆتەوە كە كۆمسیۆن بەرپرسە لەپاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی ئەو كۆگایانە.

(سەعید كاكەیی) وتیشی، ئەنجوومەنی كۆمسیاران سەرلێشێواویەكیان پێوە دیارە، چونكە لەناوەڕۆكی یاساو بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق تێناگەن ئەگەرنا ڕۆژمان نەدەگەیشتە ئەم ڕۆژە بەهۆی ئەو پێداگری و تێنگەیشتنانەیان بۆ یاساكان ڕۆژەكە گەیشتە ئەو ڕۆژەی لەكۆگاكاندا ئەو ئاگرە بكرێتەوە، كەزیانێكی زۆر بەر كەلوپەلەكانی كۆمسیۆن كەوتووە، ئەو هەشت ئەندامە بەڕێزەی كۆمسیاران بەڕاستی لە هەڵسوكەوتی یاساو ئیدارە تێناگەن.

(سەعید كاكەیی) لەبارەی چارەنووسی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەپاش دەستنیشانكردنی ئەنجوومەنێكی كاتی كۆمسیاران، دەڵێت: چارەنووسی ئەندامانی كۆمسیاران، بەخۆشمەوە دەكەوێتە سەر بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران، چونكە تاكە لایەنی چاودێر بەسەر كۆمسیۆنەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانە، وەك خۆم یاسا هەركات لێپرسینەوەم لەگەڵ بكات من ئامادە دەبم، ئەندامەكانی تریش چۆن لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت بەپێی یاسا ئەوانەی پێشێلكاریان كردووەو تێوەگلاون لە ساختەكاری ئەوا كێشەی خۆیانە.

بەبڕوای (سەعید كاكەیی) دادگایی كردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بەدڵنیاییەوە هەر ڕوودەدات، وتیشی: چونكە ئەوانەی كەكراون نەك تەنها پێشێلكارین بەڵكو چونەتە خانەی تاوانی هەڵبژاردنەوە، بەڵام ئەوە دەكەوێتە سەر دادگاكە كەی دەجوڵێت تا لێپرسینەوەو لێپێچینەوە لەگەڵ هەموومان بكات.

كاكەیی ئەوەشی وت: كوردستان بەشێكە لەعێراق دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لە بەغدا ئاڵۆزترە، بۆیە ئاگرێك كە لەكۆگاكانی كۆمسیۆن بەربێت، دوورنیە لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی تری عێراقیش ڕووبدات، بێگومان جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست ئەنجامی دەبێت، ئەنجامەكانیش زۆر جیاوازتر دەبن لەوانەی ڕاگەیەنراون.

 

 

 

ئـ . كـ