بەهۆی مامەڵەی خراپی سەربازەكانیان، دانیمارك قەرەبووی 18 هاووڵاتی عێراقی دەكاتەوە

دوو شەممە, 18 حوزەیران 2018 07:17

 

دادگایەكی دانیمارك بەهۆی مامەڵەكردنی خراپ لەگەڵ هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەیەكی عێراق بڕیاریدا وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەی قەرەبووی ماددی ئەو كەسانە بكاتەوەو وەزیری بەرگری دانیماركیش رەخنەی لە بڕیارەكەی دادگا گرت.

 

لەدوای ئەوەی لە ساڵی 2004دا 18 هاوڵاتی عێراق لە شاری بەسرە لە لایەن سەربازانی دانیماركی دەستگیركرابوون و دواتر رادەستی سەربازە عێراقییەكان كرابوونەوە و لە لایەن سەربازانی عێراقییەوە ئەشكەنجەدراون، دادگایەكی دانیمارك بڕیاریدا قەرەبو بۆ ئەو 18 هاوڵاتیە بكاتەوە.

 

لەو بارەوەیە، دادگای تێهەڵچوونەوەی رۆژهەڵاتی كۆپنهانگ رایگەیاند: وێڕای ئەوەی سەربازە دانیماركییەكان دەیانزانی ئەگەر ئەو هاووڵاتییە سڤیلانە رادەستی سەربازانی عێراقی بكرێنەوە خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت بەڵام رێگرییان نەكردووە لە ئەشكەنجەدانی ئەو هاووڵاتیانە.

 

دادگا لە بڕیارەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە سەربازانی دانیمارك خراپ مامەڵەیان نەكردووە لەگەڵ ئەو كەسانە بەڵام وێڕای ئەوەی زانیوویانە مەترسییان لەسەرە رێگریان نەكردووە لە مامەڵەی خراپی سەربازانی عێراقی، بۆیەش ئەم بڕیارەی دەركردووە.

 

بەپێی بڕیارەكە دەبێت وەزارەتی بەرگری دانیمارك بە بڕی چوار هەزارو 716 دۆلار قەرەبووی هەریەك لەو 18 هاووڵاتیە عێراقیە بكاتەوە.

 

لەسەر هەمان پرس كلاوس هژۆرت فرێدەریكسەن وەزیری بەرگری دانیمارك رەخنەی لە بڕیارەكەی دادگا گرت و وتی:" بڕیارێكی كێشە لەسەرە، چونكە كێشە بۆ رەوانەكردنی سەربازانی دانیماركی بۆ دەرەوەی وڵات دروست دەكات، ئەمە لە هەندێك رەوشدا بەو واتایە نایەت كە خزمەت بە رەوشی ئەمنی و داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ بكات. ئەوە سوودی بۆ كەس نییە".

 

 

 

 

س ب