دادگای فیدراڵی كاتی تاوتوێكردنی تانەكانی سەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی دیاریكرد

سێ شەممە, 19 حوزەیران 2018 09:07

 

وتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق ڕایدەگەیەنێت: دادگا ڕۆژی پێنج شەممە بۆ تاوتوێكردنی تانەكان لە هەڵبژاردنەكەی مانگی ڕابردوو كۆدەبێتەوە.

 

ئیاس سامۆك وتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: دادگای فیدراڵی عێراق كاتژمێر 10ی ڕۆژی پێنجشەممە 21ی حوزەیران بۆ تاوتوێكردنی تانەكان لە هەڵبژاردنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكردووە كە بە شێوەی دانیشتنێكی ئاشكرا ئەنجامدەدرێـت.

 

ئەوەشی خستەڕوو: تاوەكو ئێستا سێ تانە دراوە لە هەمواری یاساكە ئەوانیش لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراق و پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمسیۆنەوە بووە.

 

جێگای ئاماژەبۆكردنە بەهۆی بونی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەی ڕۆژی 12ی مانگی ڕابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا سەرجەمی دەنگەكان بە دەست ئەژمار بكرێتەوەو دەنگی دەرەوەی وڵات و ئاوارەكانشی هەڵوەشاندەوە.

 

 

 

س ب