لە سبەینێوە دەست پێدەكات، دەنگەكان بەدەست هەژمار دەكرێنەوە

هەینی, 22 حوزەیران 2018 15:10

 

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رێكارەكانی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی دەستیپێكردو بڕیاریداوە، لەسبەینێوە دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی كۆمسیۆن بێت و مۆڵەت بە كەس نەدات.

ئەو بڕیارانە لە كۆبوونەوەیەكی ئەو نۆ دادوەرەدا هات كە لە جێگەی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران دانراون، دوای ئەوەی دوێنێ‌ لەگەڵ بەرێوەبەرو لێپرسراوانی كۆمسیۆندا تاوتوێی پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانیان كرد.

بەپێی بەیاننامەیەكی كۆمسیۆن لە گفتوگۆكاندا تاوتوێی پلانی هەژماركردنەوەی تەواوی دەنگەكانی عێراق كراوە، ئەوەش لە ماوەیەكی دیاریكراودا، بۆیە بڕیاردراوە سبەینێ‌ شەممە دەوامی فەرمی دەستپێبكاتەوە.

هەروەها جەخت لەوەكراوەتەوە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامدا پێدانی مۆڵەت بۆ هەموو فەرمانبەرانی كۆمسیۆن و نووسینگەی نیشتمانی و ئۆفیسی پارێزگاكانی كۆمسیۆن رادەگیرێت تەنیا ئەگەر حاڵەتێكی زۆر بەپەلەو پێویست بێت.

ئەو رێكارانەی كۆمسیۆن دوای ئەوەهات دادگای باڵای فیدراڵی، دوێنێ‌ تەواوی ماددەكانی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی پەسەندكرد، تەنیا ماددەی سێیەم نەبێت كە تێیدا هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئاوارەكان و دەنگدانی دەرەوەی بە نادەستوری ناوبرد.

بەپێی هەمواری یاساكە، تەواوی دەنگەكانی هەڵبژاردنی (12) ی ئایاری رابردوو بەدەست جیادەكرێنەوەو جارێكی تر هەژماردەكرێنەوە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان، هەروەها هەر نۆ ئەندامەكەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لەكارەكانیان لادەبرێن و نۆ دادوەر جێگەیان دەگرنەوە.

بەڵام ماددەی سێیەمی هەموارەكە رەتكرایەوەو بە نادەستوری ناوبرا، كە تێیدا دەنگدانی ئاوارەكان، دەرەوە، دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان و جوڵەی دانیشتوانی هەڵوەشاندبۆوە.

 

 

ئـ . كـ