داوا ده‌كرێت وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌

شەممە, 23 حوزەیران 2018 13:30

 

دوای ئاشكرا بوونی پرسیاری تاقی كردنه‌وه‌ی پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی، داوا ده‌كرێت وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌و سه‌رۆك وه‌زیران لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو بكات .

 (زیا ئه‌سه‌دی ) به‌رپرسی نوسینگه‌ی  موقته‌دا سه‌در له‌ راگه‌یاندراوێكدا داوای كردووه‌ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ به‌وه‌كاله‌ت ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی پرسیاری تاقی كردنه‌وه‌كانی پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی له‌بابه‌تی ئاین ئاشكرا بو.

( ئه‌سه‌دی ) داوای له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ( حه‌یده‌ر عه‌بادی )كردووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو بكات و  وه‌زیری په‌روه‌رده‌ به‌وه‌كاله‌ت راده‌ستی لیژنه‌ی ده‌ست پاكی بكات .

 جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ئه‌مرۆ شه‌مه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق له‌ راگه‌یاندراوێكدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تاقی كردنه‌وه‌ی بابه‌تی ئاین بۆ پۆلی شه‌شه‌مه‌ی ئاماده‌یی راگه‌یاند، وه‌ واده‌یه‌كی نوێێ بۆئه‌نجامدانی تاقی كردنه‌وه‌ له بابه‌تی ئاین دیاری كرد .

 ن.ش