نوجەبا : نابێت عەبادی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكا بكات

هەینی, 10 ئاب 2018 10:13

 

 

لەوەڵامدانەوەی ڕاگەیاندنی هاوڕێیەتی بەغدا بۆ گەمارۆكانی ئەمریكا لە دژی ئێران، رەوتی نوجەبا دژایەتی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند.

(هاشم موسەوی) وتەبێژی رەوتی نوجەبا رایگەیاند، ئەوان نیگەیانن لەهاوئاهەنگی بەغدا لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئێران و رێگەش نادەن عێراق ببێتە ویلایەتێكی ئەمریكا.
موسەوی ڕووی لە (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق كردو وتی، ئێمە گەلی عێراق لە كەیەوە بووینەتە بەشێك لە پڕۆژەی داسەپاندنی گەمارۆ لە دژی وڵاتانی دیكە ؟

ناوبراو لە درێژەدا وتویەتی : هیچ كاتێكی دیكە رێگە نادەین كە عێراق ببێتە ویلایەتێكی ئەمریكاو ئیرادەیان بە سەرماندا بسەپێنن.

(هاشم موسەوی) وتەبێژی نوجەبا ڕاشیگەیاند: ئێمە بۆ سەروەری عێراق خوێنمان بەخشیوەو رێگە بە هیچ كەس نادەین دەستدرێژی بكاتە سەر سەربەخۆیمان.

موسەوی پێداگری لەوەكردەوە كە عێراق نابێ لە بڕیاری یەك لایەنەی ئەمریكا بۆ گەمارۆدانی ئێران بترسێت و وتیشی: ئەوە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش نییە كە لە بەرامبەریدا تەسلیم بین، دوو لە سێ جیهان لە ڕووسیاو چینەوە بگرە تا هیندستان، پاكستان و وڵاتانی دیكە لە پەنای ئێران.

وتەبێژی نوجەبا لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ڕووی لە (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیران كردو وتی، دیار نییە چ كەسانێك ڕاوێژ بە تۆ دەدەن, بەڵام ئێران زۆر هاریكاری عێراقی كردووە.

 

 

ئـ . كـ