سەدرییەكان : چی دیكە حزبی دەعوە سەرۆك وەزیران وەرناگرێت

چوار شەممە, 12 ئەیلول 2018 19:27

 

 

میدیایەكی عەرەبی لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لەرەوتی سەدر ڕایگەیاند، ڕێككەوتنی نوێ لە نێوان عامری و سەدر خەریكە دێتە ئاراوە كە گۆڕانكاری لە چوارچێوەی سیاسی عێراق ساز دەكات.

رۆژنامەی عەرەبی جەدید لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە سەدر ڕایگەیاندووە، دانووستان لەگەڵ فەتح بە مانای گواستنەوەی ئەم لیستە بە هاوپەیەمانییەكی دیكە نییە، بەڵكو ئەمە بەو مانایە كە هیچ حكومەتێكی سەقامگیر بێ بەشداری هەموو لایەنەكان ساز نابێت.

ئەو وتیشی، چی دیكە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دەعوە وەك مالیكی و عەبادی جێگەی باس نییەو ئەمەش خاڵی هاوبەشی هەموو لایەنەكانە، سەدرییەكان بەرنامەی خۆیان سەبارەت بە دەوڵەتی داهاتوو بە فەتح داوەو لام وایە كە فەتحییەكان دژی دەوڵەتێكی تەكنۆكرات ناوەستنەوە.

ئەم ئەندامەی بەرەی سەدر هەروەها وتی: ئەوان داوا دەكەن كە كەسێك ببێتە سەرۆك وەزیران كە پێشتر هیچ بەرپرسیاریەتییەكی نەبووبێت و سەر بە هیچ لایەنێك نەبێت، مەرجەعیەتی عێراقیش لە نزیك بوونەوەی فەتح و سائیرون پشتیوانی كردووەو ئەمەش بە ڕێگەچارەی مامناوەند دەزانن.

لەلایەكی دیكەوە (ڕیاز عەدنان) سەر بە حزبی كۆمۆنیستی عێراق وتی: ساڵی (2018) دەتوانێت بە مانای كۆتایی هاتن بە سەرۆك وەزیرانی كەسانی سەر بە حزبی دەعوە بێت، ڕێككەوتن كراوە تاكوو لە چوار ساڵی داهاتوو چی دیكە ئەم حزبە لە دەسەڵات نەبێت.

 

 

ئـ . كـ