10 ملیۆن دۆلار له‌ ژێر زانكۆی مووسڵ دۆزرایه‌وه‌

دوو شەممە, 17 ئەیلول 2018 08:39

 

سوومه‌ریه‌ نیووز بڵاویكرده‌وه‌، بڕی 10 ملیۆن دۆلار له‌ژێر دار و په‌ردووی پاشماوه‌ رووخاوه‌كانی زانكۆی مووسڵ دۆزرایه‌وه‌ و له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌و شاره‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوخۆیی و ئه‌منی شاری مووسڵ گواستییه‌وه‌، "گوژمه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پاره‌ كه‌ به‌ 10 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ده‌خه‌مڵێندرێت، له‌ ژێر دار و په‌ردووی پاشماوه‌ رووخاوه‌كانی زانكۆی مووسڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ پێشتر ئه‌و شوێنه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ وه‌ك باره‌گای دیوانی حوسبه‌ و ماڵی دراو "بیت المال" به‌كارده‌هێندرا".

سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجینه‌یه‌ش، سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، "چه‌ند كرێكارێك ئه‌و پاره‌یان له‌كاتێكدا له‌ژێر دار و په‌ردووی ئه‌و پاشماوه‌ رووخاوانه‌ دۆزیویانه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ساڵی 2017 له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆردومانكرابوو، كه‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی بۆ دووباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی زانكۆكه‌یان سه‌رقاڵی پاككردنه‌وه‌ و به‌كارخستنی زانكۆكه‌یه‌"، ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، "ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌لایه‌ن ئیداره‌ی پارێزگاكه‌وه‌ كۆنترۆڵكراوه‌".

له‌ حوزه‌یرانی ساڵی 2014، چه‌كدارانی رێكخراوی داعش سه‌رتاپای پارێزگای نه‌ینه‌وایان داگیركرد و، دواتر ته‌واوی بینایه‌ و ته‌لاره‌ حكوومییه‌كانی وه‌ك باره‌گا بۆ چه‌كدارانی به‌كارهێنا، له‌وانه‌ش زانكۆی مووسڵی وه‌ك دیوانی حوسبه‌ و ماڵی دراو "بیت المال" به‌كارهێنا، به‌ڵام له‌ كۆتایی ساڵی 2017، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش توانییان ئه‌و شاره‌ له‌ رێكخراوی داعش پاك بكه‌نه‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا رۆژانه‌ نهێنی نوێی داعش له‌و شاره‌ ئاشكرا ده‌بن.