ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك كۆمار ئه‌مانه‌ن

شەممە, 22 ئەیلول 2018 14:19

بەگوێرەی دەستوور، سەرۆك كۆمار وەك سیمبۆلی دەوڵەت لێی دەڕوانرێت، ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك كۆمار بۆی هەیە یەك خولی تریش ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، واتە بۆی نییە لە دوو خول زیاتر سەرۆك كۆمار بێت.
لە مادەی 71ی دەستووری عێراقدا لە باسی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار هاتووە،
یەكەم/ بۆی هەیە بڕیاری لێبوردنی تایبەت لەسەر داوای سەرۆك وەزیران دەربكات بەو مەرجەی ئەو كەسەی بڕیارەكەی بۆ دەردەچێت تاوانبار نەكرابێت بە مافی گشتی یان تاوانی نێودەوڵەتی ئەنجام نەدابێت.
دووەم/ پەسندكردنی پەیماننامە و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان دوای رەزامەندی پەرلەمان.
سێیەم/ یاسا دەركراوەكانی پەرلەمان پەسند دەكات بە مەبەستی جێبەجێكردنی.
چوارەم/ دەسەڵاتی هەیە بانگهێشتی پەرلەمانی هەڵبژێردراو بكات بۆ كۆبوونەوە.
پێنجەم/ پێدانی مەدالیای رێزگرتن لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیران و بەگوێرەی یاسا.
شەشەم/ قبووڵكردنی باڵوێزی وڵاتان.
حەوتەم/ دەركردنی مەرسوومی كۆماری.
هەشتەم/ پەسندكردنی بڕیاری لە سێدارەدان كە دادگاكانی پێوەندار دەری دەكەن.
نۆیەم/ سەرۆك كۆمار ئەركی سەركردایەتی باڵای هێزی چەكدار وەردەگرێت بۆ مەبەستی تەشریفاتی و بۆنەكان. دەسەڵاتی بەسەر ئەو هێزە نییە، بەڵام بۆی هەیە داوای روونكردنەوە لە بارەی دۆخی ئەو هێزە بكات.
دەیەم/ بۆی هەیە هەموو ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستووردا بۆی دەستنیشان كراوە پێڕەوی لێ بكات.
یانزە/ سەرۆك كۆمار كاندیدی لیستی گەورەی پەرلەمانی رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت لە ماوەی 15 رۆژ.
دوانزە/ سەرۆك كۆمار جێی سەرۆك وەزیران دەگرێتەوە بەو كاتەی ئەو پۆستە بەتاڵ بێت بەهەر هۆكارێكەوە بێت.
سیانزە/ بەگوێرەی مادەی 123ی دەستوور، سەرۆك كۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران بەیەكەوە بۆیان هەیە پێشنیاری هەمواركردنەوەی دەستوور پێشكەش بكەن.
چواردە/ بۆی هەیە داوا لە پەرلەمان بكات بۆ دانیشتنی نائاسایی لەسەر یەك بابەتی دیاریكراو.
پانزە/ پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسا.
شانزە/ پێشكەشكردنی داوای دەست لەكاركێشانەوە لە سەرۆك وەزیران بۆ پەرلەمان.
حەڤدە/ سەرۆك كۆمار سیمبۆلی پاراستنی یەكێتی خاكی عێراقە و نمایندەی سەروەری وڵات دەكات، دەبێت پابەند بێت بە دەستوور و كار بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سەروەری و یەكێتی و سەلامەتی خاكی عێراق بكات.

 ف.ق