سه‌رۆك كۆمار چۆن هه‌ڵده‌بژێردرێت ؟

شەممە, 22 ئەیلول 2018 14:33

 بەگوێرەی عورفی دابەشكردنی پۆستە باڵاكان بێت، لە نێوان هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق، پۆستەكە پشكی كوردە. پارتی و یەكێتی هێشتا رێككەوتنی كۆتایییان لەسەر ئەو پۆستە نەكردووە و هەردوولا پێداگرن لەوەی شایستەی هەڵبژاردنیانە.

پەرلەمانی عێراق بە پشتبەستن بە مادەی "2 و 3"ی یاسای ژمارە "8"ی ساڵی 2012ی پێوەندار بە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری، دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ ئەو پۆستە كردەوە و رای گەیاند، رۆژانی 18 و 19 و 23ی ئەیلوولی 2018، ماوەی دەستنیشان كراوە بۆ ئەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكەن.

ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت خۆیان بپاڵێن بۆ ئه‌و پۆسته‌ ، دەبێت مەرجەكانی خۆپاڵاوتنیان بەگوێرەی دەستوور تێدا بێت و لە نووسراوی فەرمی سیڤی خۆیان بۆ فەرمانگەی یاسایی سەرۆكایەتی پەرلەمان رەوانە بكەن.

پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەكەیدا دەڵێ، بە پشتبەستن بە مادەی یەكی یاسای سەرۆكایەتی كۆمار، دەبێت ئەو كەسەی خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات ئەو مەرجانەی تێدا بێت،
یەكەم/ لە دایك و باوكێكی عێراقی لە دایك بووبێت.
دووەم/ تەواوی توانست و شیاوی هەبێت و تەمەنی 40 ساڵی تەواو كردبێت و بڕوانامەی زانكۆیی هەبێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی ددان پێدانراو بێت.
سێیەم/ خاوەنی ناوبانگێكی پاك و شارەزای سیاسی بێت و كەسێكی دەستپاك و دادگەر و بە ئەمەك بێت بۆ نیشتمان. چوارەم/ بەهیچ تاوانێك پێوەند بە شەرەف تاوانبار نەكرابێت.

پێنجه‌م/ لەو كەسانە نەبێت كە یاسای رێوشوێنی لێپرسینەوە و دادگەری یان هەر رێوشوێنێكی تر بیگرێتەوە.

 

لە دوای 2005ەوە پۆستی سەرۆك كۆمار بە دەست كوردەوە بووە، لە ناو حزبە كوردستانییەكانیش لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە كە لە خولەكانی 2005 بۆ 2009، 2010 بۆ 2014 لای مام جەلال بووە، بەڵام بەهۆی ئەو جەڵتەیەی لێی دا ماوەی دوو ساڵ پۆستەكە بەتاڵ بوو، لە خولی 2014 بۆ 2018 فوئاد مەعسووم لە پشكی كورد بووە سەرۆك كۆمار.




ف.ق