سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراوی عیراق داوای والاكردنی ناوچه‌ی سه‌وزده‌كات

چوار شەممە, 10 تشرینی یەکەم 2018 12:57

عادل عەبدولمەهدى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق داوا دەکات ناوچەى سەوز لە بەغدا بە روى هاوڵاتیاندا واڵا بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عادل عەبدولمەهدى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق لە سەردانەکەى بۆ ئەنجومەنى نوێنەران جەختى لە پێویستى واڵاکردنى ناوچەى سەوز لە بەغدا بەروى هاوڵاتیاندا کردەوە و وتى:"پێویستە ناوچەى سەوز کە لە ناوەندى بەغدادایە بە روى هاوڵاتیاندا بکرێتەوە.
هەروەک داواى پاڵپشتى پەرلەمانى کردوە بۆ جێبەجێکردنى ئەو داواکارییە و شکاندنى بەربەستى نێوان هاوڵاتییان و بەرپرسان.
ناوچەى سەوز دەکەوێتە ناوەندى بەغداى پایتەخت و باڵەخانەى دامەزراوە باڵاکانى حکومەت و کۆشکى سەرۆکایەتى و پەرلەمان و باڵیۆزخانەى ئەمەریکا و زۆربەى باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتى وڵاتان و شوێنى مانەوەى زۆرێک لە بەرپرسە باڵاکانیش لە ناوچەکەدایە و هاوڵاتیان بە ئاسانى ناتوانن سەردانى بکەن و دەبێت بۆ چونە ناوى چەند بازگەیەک تێپەڕێنیت.
پێشتر و لە چوارى تشرینى ساڵى (2015) حەیدەر عەبادى رایگەیاند: ناوچەکە بە رووى هاوڵاتیاندا دەکەنەوە، بەڵام تائێستا نەکراوەتەوە و ئەمڕۆش عادل عەبدولمەهدى هەمان باسى وروژاندەوە.


ف.ق