وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونکردنەوە لەبارەی خراپی پاسپۆرتی عێراقی دەدات

پێنج شەممە, 11 تشرینی یەکەم 2018 10:52

وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونکردنەوە لەبارەی خراپی و پاشەکشەی پاسپۆرتی عێراقی لە ریزبەندی جیهانی دەدات و دەشڵێت، بەمنزیکانە عێراقییەکان دەتوانن گەشتی چەند وڵاتێکی نوێ بکەن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئەحمەد مەحجوب، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوه‌: وەزارەتی دەرەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ریزبەندی پاسپۆرتی عێراقییەوە نییە، پۆلێنکردنەکە پشت بە کۆمەڵێک پێوەر دەبەستێت، کە پەیوەستن بە دۆخی وڵات و دامەزراوە ئەمنی و ئابوورییەکان و هێزی دراو. هەروەها تاوەکو ئێستا چەندین وڵاتی جیهانی نیگەران و راڕان لەبارەی کۆچ و داواکردنی مافی پەنابەری.

ده‌شڵێت: ئەوەی تایبەت بێت بە رەهەندی دانوستاندن، ئەوا هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەردەوامە و توانیویەتی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆبکات، لەبارەی پاسپۆرتی دیپلۆماسی، پاسپۆرتی خزمەت و ئەنجامدانی گفتوگۆکان بەمەبەستی ئاسانکاریکردنی پێدانی ڤیزای گەشیاریی بۆ عێراقییەکان لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتانی جیهاندا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه‌: لەنیوەی یەکەمی ساڵی 2019 دا عێراقییەکان دەتوانن بچنە چەندین وڵات، وەزارەتی دەرەوەش گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتانی جیهانی کردووە و گەیشتووەتە ئەنجامی باش ، هەروەها دەڵێت وڵاتان لەسەر بنەمای هاوشێوە مامەڵە دەکەن، عێراق بە ئاسانی ڤیزا نادات، بەهۆی دۆخی ئەمنی و رێوشوێنی تووندی ئەمنییەوە، پێدانی ڤیزای عێراقیش لە سەخترین ڤیزاکانە.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بەپێی دوایین ریزبەندی، پاسپۆرتی عێراقی خراپترین پاسپۆرتە لەسەر ئاستی جیهاندا.

 

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی