عێراق ده‌روازه‌یه‌كی تر ده‌دۆزێته‌وه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت

21/10/2018 - 14:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند کار دەکەن بۆ هەناردەکردنی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو رۆژانە لە رێگای بەندەری عەقەبەی ئوردن-یەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی عێراقیە، جەبار لوعەیبی وەزیری نەوتی عێراق، جەختی کردەوە کە هەوڵدەدەن لە ساڵانی داهاتوودا ڕۆژانە 7 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمبهێنن لە رێگای کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانیەوە.

لوعەیبی وتیشی، کۆمپانیایی نەوتی نیشتیمانی کێبرکێی سەرجەم کۆمپانیا نەوتیە گەورەکانی ناوچەکە دەکات و دەبێتە یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ناوچەکە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکی دیاریکراودا ئەو پاڵاوگانەی لە پارێزگاکانی عێراق بەهۆی شەڕەوە لەکارکەوتوون جارێکی دیکە نۆژەن دەکرێنەوە.

پێشتر  وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاندبوو که‌ زیاتر له‌ 106 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی له‌ مانگی ئه‌یلولدا هه‌نارده‌ کردوه‌ و نرخی به‌رمیلێک نه‌وتیش به‌ زیاتر له‌ 74 دۆلار خه‌مڵێنراوه‌.

عاصم جهاد، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وت ڕایگه‌یاندبوو کێڵگه‌کانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق زیاتر له‌ 106 ملیۆن و  795 هه‌زار و 22 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌کراوه‌ که‌ رۆژانه‌ ده‌کاته‌ 3.560 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌بێ نه‌وتی کێڵگه‌کانی که‌رکوک.

ئه‌وه‌شی ئاشکرا کردبوو که‌ داهاتی هه‌نارده‌ی ئه‌و نه‌وته‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 7 ملیار و 912 ملیۆن و 571 هه‌زار دۆلار، رێژه‌ی نرخی به‌رمیلێک به‌ 74.091 دۆلار خه‌مڵێنراوه‌



ف.ق