سبەی كابینەی نوێی حكومەت ڕادەگەیەندرێت

دوو شەممە, 22 تشرینی یەکەم 2018 07:33
عادل عه‌بدولمه‌هدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عیراق سی ڤی كاندیدانی كابینه‌ نوێیه‌كه‌ی ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كردو به‌پێی هه‌واڵی مێدیا عیراقیه‌كانیش، بڕیاره‌ سبه‌ینێ حكومه‌تی نوێ رابگه‌یه‌نرێت.

ماڵپه‌ڕی (غه‌د پرێس) بڵاویكردۆته‌وه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدی راسپَردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عیراق سی ڤی كاندیدانی كابینه‌ نوێیه‌كه‌ی ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردوه‌، به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌ ئه‌زموون و كاره‌كانیان له‌پێش پڕۆسه‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر كابینه‌ی نوێیه‌كه‌.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، بڕیاره‌ سبه‌ینێ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كۆبێته‌وه‌و عه‌بدولمه‌هدی و كاندیده‌كانی بۆ كابینه‌ی نوێیه‌كه‌ی به‌شداری بكه‌ن و دواتر ده‌نگ له‌سه‌ر حكومه‌تی داهاتوو بدرێت، ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌ڕێوه‌نه‌چوو، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ دوو سبه‌ی ئه‌نجام ده‌درێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، له‌ئێستادا ته‌نها ده‌نگی ناڕازی سوننه‌كان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر كاندیدكردنی چه‌ند كه‌سێك بۆ پۆستی وه‌زاره‌ت له‌ حكومه‌ته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی.