داعش سەركردەكانی دەگۆڕێت

چوار شەممە, 07 تشرینی دووەم 2018 17:59

 

 

گروپە چەكدارەكانی داعش سەرقاڵی گۆڕینی سەركردەكانیەتی لەسنووری ناوچە جێناكۆكەكانی كەركوك و دیالەو سەڵاحەددین، بەرپرسانی ئەمنی ئەو ناوچانەش پێیانوایە ئامانجی داعش لەو گۆڕانكاریانە، خۆ ئامادەكردنە بۆ ئەنجامدانی هێرش.

(ئەحمەد خورشید) ئەندامی ئەنجوومەنی قەزای حەویجەی ڕۆژئاوای كەركوك، بۆ دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند، داعش موختاری گوندو ناوچە جیاجیاكان دەكوژێت، تا نهێنیەكانیان نەگاتە دەست هێزە عێراقیەكان.
ماوەی (3) هەفتەیە، داعش دەستی بەهێرش كردن بۆ سەر هێزە عێراقی و ناوچە جیاجیاكان كردۆتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ماوەیەكی زۆر بوو، ئەو ڕێكخراوە چاڵاكیەكانی ڕاگرتبوو.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لەدیالە كە داوایكرد، ناوی بڵاونەكرێتەوە، ڕاگەیاند، داعش زۆربەی سەركردەكانی لەناوچە جێناكۆكەكان دەگۆرێت، چونكە پێیوایە ئەو سەركردانە شكستیان خواردووە.
وتیشی، داعش دەیەوێت بە دانانی سەركردەی نوێ، هێزەكانی بەتەواوەتی ڕێكبخاتەوە و جم و جۆڵە تیرۆرییەكانی دەست پێبكاتەوە.
دوا هێرشی داعش بۆ سەر هێزە عێراقیەكان، درەنگانێكی ئێوارەی دوێنێ سێشەمە بوو، كە لەناوچەی تەبجی خۆرئاوای ناحیەی جەلەولا پێكدادانێكی قورس ڕوویداو شەڕەكە بەكوژرانی سێ چەكداری داعش و سەربازێكی عێراقی كۆتایی هات.