كاردانه‌وه‌ له‌سه‌ر تەڕبوونی ٧ ملیار دیناری بانکی ناوەندیی عێراق له‌ زیادبوون دایه‌

هەینی, 16 تشرینی دووەم 2018 04:44

دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە لە بەغدا ئاشکرایکرد، دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە سەبارەت بە تەڕبوون و تێکچوونی ٧ ملیار دینار لە بانکی ڕافیدەین.

تەلەفزیۆنی فەرمیی عێراق لە هەواڵێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە بابەتی تەڕبوون و تێکچوونی بڕی ٧ ملیار دینار و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بوونەتە هۆی بەفیڕۆدانی پارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.

ئەوە لەکاتێکدایە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو (١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) لەمیانی میوانداریکردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ڕایگەیاند، بەهۆی دزەکردنی ئاوی بارانەوە بۆ خەزێنەکانی بانکی ناوەندیی، بڕی ٧ ملیار دیناری عێراق تێکچووە بە ڕێژەی ١٠٠%.

ئەو وتانەی عەلاق بووە هۆی نانەوەی گفتوگۆ و ناڕەزاییەکی زۆر لە ناوەندە جیاجیاکانی عێراقدا.

لەلایەکی دیکەوە بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئەو هۆکارانەی بوونەتە پاڵنەری گۆڕینی پارە خراپبووەکان لە ساڵی ٢٠١٣دا، هەموو ڕێوشوێنەکانی بە شێوەیەکی یاسایی و بەگوێرەی ڕێنماییەکان ئەنجامدراوە.

بانکى ناوەندیی عێراق ڕایگەیاندووە، تەڕبوونى ئەو ٧ ملیار دینارە لە ساڵی ٢٠١٣دا بووە کە سەرۆکى بانکی ناوەندیی ئەوکاتەش عەبدولباست تورکی بووە و لەکاتی خۆیشیدا ڕێکاری یاسایی لەوبارەوە گیراوەتەبەر.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنی چوارشەممە (١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) بانکى ناوەندیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بەپێی یاساکانی بانکی ناوەندی هەر دراوێک خراپ ببێت دەگۆڕدرێت و ئەوەش بە شێوەیەکى بەردەوام لەلایەن بانکەکەوە دەکرێت و تێچوونى کارەکەش بەهای پارە خراپبووەکە نییە، بەڵکو تەنها خەرجیی کڕینی کاغەز و چاپکردنى پارەکەیە کە ڕێژەکەى زۆر کەمە.