كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن داوایه‌ك ئاارسته‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات

پێنج شەممە, 13 کانونی یەکەم 2018 12:09

 

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ناتوان له‌ واده‌ی خۆی كه‌ 12/22ـه‌ ئه‌نجامبده‌ن.

ریاز به‌دران سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ لێدوانێكدا وتی: "پێشتر له‌ 12/22 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و قه‌زا و ناحیه‌كان ئه‌نجامده‌درا، به‌ڵام دواى سڕكردنی كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی بۆ كۆمسیۆن دروستكرد كه‌ بتوانن له‌ واده‌ی خۆیدا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌نجامبده‌ن".

به‌دران بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌نیازن نوسراوێك ئاڕاسته‌ى لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكه‌ن، بۆ دیاریكردنی واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و قه‌زا و ناحیه‌كان.

وتیشی: "ئێمه‌ وه‌كو كۆمسیۆن لایه‌نێكی جێبه‌جێكارین و په‌یوه‌ندیمان به‌ پرسه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ نییه‌، وه‌كو ناكۆكی نێوان فراكسیۆنه‌كان و ئاڕاسته‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌ستكاری بكه‌ن، نه‌ك به‌پێی گرنگییه‌كانی ئێمه‌ بۆ ده‌رچواندنی یاسایه‌كی بێ كه‌موكوڕی".

باسی له‌وه‌شكرد: هه‌فته‌ی داهاتوو به‌ نوسراوی ره‌سمی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ناتوانن هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ واده‌ی خۆیدا 12/22 ئه‌نجام بده‌ن.

 

ر.ق