نوسراوێكی ساخته‌ به‌ناوی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

08/01/2019 - 15:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

دواى بڵاوبوونه‌وه‌ی نووسراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كه‌ تێیدا هاتووه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سێ كه‌سى بۆ په‌رله‌مانى عێراق پێشنیاركردووه‌ بۆئه‌وه‌ى ده‌نگى له‌سه‌ر بدات. لای خۆشیه‌وه‌ گوته‌بێژى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند هیچ نووسراوێكى له‌م جۆره‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان نه‌كراوه‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌ هاتووه‌، فالح فه‌یاز بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و سه‌لیم جبوورى سه‌رۆكى پێشووى په‌رله‌مان بۆ وه‌زاره‌تى به‌رگرى و رزگار حه‌مه‌ده‌مین بۆ وه‌زاره‌تى داد.

به‌ڵام دواى ماوه‌یه‌كى كورت له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كه‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى په‌رله‌مان ناوه‌ڕۆكى نووسراوه‌كه‌یان ره‌ت كرده‌وه‌ و دواجاریش گوته‌بێژى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌سه‌ر نووسراوه‌كه‌ هاته‌ده‌نگ.

گوته‌بێژى محه‌مه‌د حه‌لبووسى له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى "بغداد الیوم" دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ هیچ نووسراوێكى له‌م جۆره‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان نه‌كراوه‌ و ئه‌وه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ته‌واو ساخته‌یه‌.

جیا له‌وه‌یش سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانى عێراق گوتوویه‌تى ئه‌و نووسراوه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، چه‌ندان هه‌ڵه‌ى رێنووسى تێدایه‌ و هی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق نییه‌.

 

ر.ق