وەزیری نەوتی ئێران لە بەغدا، پابەندی سزاكانی ئەمریكا نابین

11/01/2019 - 09:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

وەزیری نەوتی ئێران سەردانی عێراقی كرد، ئەوەش لەكاتێكدایە كە فشارە ئابوریـیەكانی ئەمریكا بۆ سەر وڵاتەكەی توندتر دەبن.

(بێژەن زەنگەنە) وەزیری نەوتی ئێران دوێنێ‌ گەیشتە شاری بەغداو لەگەڵ (تامر غەزبان) هاوتا عێراقیـیەكەی كۆبوویەوەو پـێكەوە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان سازكرد.

غەزبان وتی، هێشتا نەگەیشتوون بەو قۆناغەی كۆكبن لە بواری وەبەرهەمهێنانی هاوبەش لە بیرە نەوتیـیەكاندا، بەڵام وتیشی: ڕێكەوتوون لەسەر تاووتوێكردنی مەسەلەی دوو بیری بچووك.

زەنگەنەش لای خۆیەوە وتی، ئێران دەتوانێت گازی سروشتی زیاتر بۆ عێراق ڕەوانەبكات، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد وڵاتەكەی ئامادە نیـیە پابەندی سزاكانی ئەمریكا ببێت.

ئەم سەردانەی وەزیری نەوتی ئێران پاش ڕۆژێك دێت لەوەی (مایك پەمپـیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی عێراقی كردو لە میانەیدا جەختی كردەوە سەر گرنگی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزەدا.

مانگی دوازدە ئەمریكا مۆڵەتی بە عێراقدا بۆ ماوەی (90) ڕۆژ وزەی كارەبا لە ئێران بكڕێت و لە سزاكانی سەر ئێران لێی خۆشبێت.

 

ئـ . كـ