زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە لەژێر خێمەكاندا ژیان بەسەر دەبەن

22/01/2019 - 09:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

زیاتر لەنیو ملیۆن هاوڵاتی عێراقی، هێشتا لە كەمپی ئاوارەكان ماون و هەزارانی دیكەش دوور لە زێدی خۆیان دەژین، لە كاتێكدا ئەوانەی گەڕاونەتەوە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەكانەوە بە بارودۆخێكی سەختدا تێدەپەڕن.

بەپێی دوایین ئاماری رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ كە ناوەڕاستی ئەم مانگە بڵاویكردۆتەوە، هێشتا ملیۆنێك و (800) هەزار كەس بەهۆی شەڕو پێكدادانەكانەوە ئاوارەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە نیو ئاوارە لە كەمپەكاندا نیشتەجێن.

(گێرارد وەیت) سەرۆكی نێردەی رێكخراوەكە بۆ عێراق دەڵێت، هەرچەندە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان بەردەوامی هەیە، بەڵام ئەوانەی لە كەمپ یان شوێنی تر ماونەتەوە لە دۆخێكی خراپدان و پێداویستییان نیە، بە تایبەت لە وەرزی سەرمادا.

لە ئامارەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچدا هاتووە، لە كۆی ژمارەی ئاوارەكان نزیكەی (140) هەزار كەس لە شوێنی هەستیار نیشتەجێن، وەكو قوتابخانە، شوێنە ئاینییەكان و باڵەخانەی تەواو نەكراو و چۆڵكراو.

 

 

ئـ . كـ