به‌هۆی دیاریكرنی جێگری پارێزگا ڕێگای كه‌ركوك گیرا

16/02/2019 - 15:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو "محه‌ممه‌د قوته‌یبه"‌ كه‌ هاوكات به‌ڵێنده‌رێكی به‌ناوبانگی دیاله‌یه‌ له‌سه‌ر كوتله‌ی قه‌رار به‌ ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌ وه‌كو جێگری پارێزگار بۆ كاروباری هونه‌ری هه‌ڵبژێردرا، دژی ئه‌و بڕیاره‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژ له‌ باقووبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دیاله‌ خۆپیشاندانه‌. 

ناڕه‌زاییه‌كان به‌رده‌وامن و هاووڵاتیانی ئه‌و پارێزگایه‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه‌ و له‌ ئێستادا گه‌مارۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگیان داوه‌ و هه‌روه‌ها هه‌ردوو رێگەی كه‌ركوك و خانه‌قینیان داخستووه‌. 
جه‌مال مه‌عموری یه‌كێك له‌ نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌ره‌كان له‌ لێدوانێكیدا ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: خه‌ڵكی دیاله‌ له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان به‌شداری خۆپیشاندانه‌كه‌یان كردوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕه‌زامه‌ند نابن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی "محه‌ممه‌د قوته‌یبه‌" كراوه‌ته‌ جێگری پارێزگاری دیاله‌ بۆ كاروباری هونه‌ری، چونكه‌ ناوبراو پێشتر له‌ڕێگه‌ی به‌ڵینده‌رێكه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی 360 پڕۆژه‌یان كردوه‌ له‌ دیاله‌ زۆربه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ گه‌نده‌ڵی تێداكراوه‌ و ته‌واو نه‌كراون و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ دراونه‌ته‌ ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌. 
وتیشی: "له‌ ئێستادا ده‌رگای ئه‌نجومه‌نی پارێزگایان گرتووه‌ و هه‌روه‌ها هه‌ردوو ڕێگەی سه‌ره‌كی باقووبه‌ بۆ به‌غدا و خانه‌قین و كه‌ركووكیان داخستووه‌ و ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كه‌یان بۆ لابردنی ناوبراو له‌و پۆسته‌ جێبه‌جێنه‌كرێت ئه‌وا له‌ ڕۆژانی داهاتوو خۆپیشاندانه‌كانیان فراونتر ده‌كه‌ن". 

ر.ق