وەزارەتی ناوخۆ بڕیاره‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی قه‌ره‌ج و غه‌جه‌ره‌كان ده‌رده‌كات

06/03/2019 - 17:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

وەزارەتی ناوخۆی عیراق ڕازیی بووە، كارتی نیشتمانی به‌مه‌رجی دیاری كراو بداتە توێژی غه‌جه‌ر و قەرەجەكانی عێراق.

میدیا عیراقییەكان به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كیان بڵاو كردۆته‌وه‌  كه‌ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵیەوە دەركراوە و ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی باری شارستانی و پاسپۆرت و مانەوە كراوە لە هەموو پارێزگاكانی عیراق، “بڕیاردرا توێژی غه‌ره‌ج و قەرەجەكان تۆمار بكرێن پاش سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكان، ئەمەش بەپێی سیستمی زانیارییە مەدەنییەكان و لێوەی كارتی نیشتمانیان پێدەدرێت، لەدوای وردبینی كردن لە زانیارییەكانی ڕەگەزنامە و جێگیركردنی گوزارشتی (بەدەركردن لە ئەحكامەكانی یاسای ڕەگەزنامەی عیراقی)”.

قەرەجەكان لە زۆربەی شارەكانی عیراقدا هەن، ژیان و گوزەرانێكی سادەیان هەیە، بەڵام لەلایەن كۆمەڵگەوە پەراوێزخراون و لە فەرمانگە حكومییەكانیشدا كاروبارەكانیان بۆ ڕایی ناكرێت، بەو پێیەی هەڵگری ڕەگەزنامە نیین و لە هەمان كاتدا كارتی نیشتمانیان نییە.