هۆشداری ده‌درێت.. ئه‌گه‌ری ژێرئاو كه‌وتنی ئه‌م شاره‌ هه‌یه‌

01/04/2019 - 16:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 بوهۆی بارینی بارانی زۆری چه‌ند رۆژی رابردوو هۆشداری ده‌درێت لەوەی ئەگەر بەنداوی سامەڕا بڕوخێت، ئەوا بەغدا ژێرئاو دەكەوێت.

محەمەد بەلداوی پەرلەمانتاری عیراق لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند "بارانێكی زۆر لەپارێزگای سەڵاحەدین باریوەو جادەكانی ژێرئاو كەوتون و ئەو ئاوەش بەرەو روباری دیجلە دەچێت، هەربۆیە بەرزبوونەوەیەكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ئاوێكی زۆریش لەبەنداوی موسڵەوە دێت."

هەروەها باس لەوە دەكات، ئاوی بەنداوی موسڵ بەردراوەتەوە بۆئەوەی رێگری لە نقومبونی هەندێك ناوچە بكرێت، لەلایەكی ترەوە بەنداوی سامەرا بەوپەڕی توانایەوە كاردەكات بۆ وەرگرتنی ئەو ئاوە بەهۆی ئەوەشەوە ئەندازیارەكان ناچاردەبن تەقینەوە لەهەندێك ناوچەی بەنداوەكە ئەنجام بدەن بۆئەوەی رێگەیەكی تر بۆ دەرچوونی ئەو ئاوە بدۆزنەوەو رێگری بكەن لە تەقینی بەنداوەكە.

ئەو پەرلەمانتارە رونیشیكردوەتەوە، ئەگەر بەنداوی سامەڕا بەرگەی ئەو ئاوە زۆرە نەگرێت كە لەبەنداوی موسڵەوە دێت، ئەوا شاری بەغدا مەترسی ژێرئاوكەوتنی لەسەرە، بەتایبەتی كە چەند رۆژی رابردوش بارانێكی زۆر باریوە و هەمووی دەچێتەوە ئەو بەنداوە.