عێراق له‌ مه‌ترسیدایه‌

11/05/2019 - 10:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در، ھەڕەشە لە ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكات و رایدەگەیەنێت "عێراق ده‌كه‌ینه‌ ڤێتنامێكی دیكه‌ بۆ ئه‌مەریكا".

هادی عامری، ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئیندیپێندتی بەریتانی رایده‌گه‌یه‌نێـت، به‌هۆی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مەریكا، واشنتن لاواز بووه‌ و ده‌ڵێ، پێویسته‌ تره‌مپ یه‌كه‌مجار خه‌می چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌مەریكا و كۆنگرێسی بێت و هۆشداریش ده‌داته‌ ئه‌مەریكا كه‌ ئه‌گه‌ر عێراق به‌كاربێنێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێ و شه‌ڕه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌وا ئه‌وان عێراق ده‌كه‌نه‌ ڤێتنامی دووه‌م بۆیان و تووشی شكستیان ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها هادی عامری، هه‌ڕه‌شه‌ی دیكه‌ له‌ هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ عێراق ده‌كات و ده‌ڵێت "ئێمه‌ رێگه‌ناده‌ین ئه‌مەریكا خاكی عێراق به‌كاربێنێت و بیكاته‌ ناوچه‌یه‌كی چاودێریكردن به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی".

پێشتریش عامری رایگەیاندبوو "عێراق پێویستی بە ھێزەكانی ئەمەریكا نییە و پێویستە وڵات جێبێڵن و سەرجەم پیلانەكانی ئەمەریكا لە عێراق شكستیان ھێناوە".