وەزارەتی نەوت رێژنەی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردووی ئاشكرا دەكات

01/06/2019 - 15:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراقی كۆی گشتی داهاتی فرۆشتنی نەوت لەمانگی ئایاری رابردوو ئاشكرا دەكات و رایدەگەینێت لە مانگی ئایار (110) ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوەی وڵات كراوە .

لە راگەیاندراوێكدا عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرای كردوە، كۆی هەناردەی نەوت لەناوەراست و باشوری عێراق لە مانگی ئایاری رابردوو (106) ملیۆن و (675) هەزار و (881) بەرمیل نەوت بووە ، وە (3) ملیۆن و (166) هەزار و (261) بەرمیل نەوتی كەركوك لە رێگەی بەندەری جیهان هەناردە كراوە ، وە لە كێڵگەی گەیارە (894) هەزار و (528) بەرمیل هەناردەی دەرەوەی وڵات كراوە.

جێهاد ئەوەشی ئاشكرا كردوە، رۆژانە (3) ملیۆن و (572) هەزار بەرمیل هەناردەی دەرەوە كراوە بەم شێوەیە ، نەوتی بەسرە رۆژانە (3) ملیۆن و (441) هەزار بەرمیل ، وە نەوتی كەركوك بۆبەندەری جیهان (102) هەزار بەرمیل ، وە نەوتی گەیارە (29) هەزار بەرمیل و نرخی یەك بەرمیل نەوت بە (66.683) دۆلار فرۆشراوە .