وەزارەتی دارایی: بەهیچ شێوەیەك لەمەودوا كەسانی خۆبەخش لە دامودەزگاكانی دەوڵەت نابێت هەبن

SHKO 03/06/2019 - 09:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراقی بە نوسراوێكی فەرمی كە گشتاندنی بۆ كردووە بۆ سەرجەم وەزارەتەكانی تری حكومەتی عێراق و تیایدا، رێگری دەكات لە دامەزراندنی خۆبەخش و كرێی رۆژانە لە فەرمانگە حكومیەكاندا.


بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی عیراق، كە واژۆی فوئاد حسێن، وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیاردراوە بەقەدەغەكردنی دامەزراندنی فەرمانبەران لەژێر ناوی كرێی ڕۆژانە یان خۆبەخش.


نوسراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە ئەو خەڵكانە ناگرێتەوە كە تا ئێستا بونیان هەیە بەڵام بۆ لێرە بەدوا نابێت ئەو خەڵكانە لە فەرمانگە حكومیەكاندا دابمەزرێن.


بەپێی نووسراوەكە، هیچ بەڵگەیەكی یاسایی نییە رێگە بە وەزارەت و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت یان پارێزگاكان بدات بەدامەزراندن یان گرێبەستكردنی نوێ‌ لەژێر ناونیشانی خۆبەخش و بێ‌ بەرامبەر.


ئەو نوسراوە كە ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان كراوە هۆشداریان پێدەدات لەوەی هەر وەزارەت و فەرمانگە و پارێزگایەك سەرپێچی ئەو گشتاندنە بكات، بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵدەگرێت.