ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕیژكراو لە شاری موسڵ ته‌یه‌وه‌

03/06/2019 - 14:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 ئوتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە ناوچەی گۆگجەلی خۆرهەڵاتی موسڵ ڕویدا، بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكانیش، تەقینەوەكە جگە لە زیانی ماددی، خۆشبەختانە هیچ قوربانییەكی لێنەكەوتەوە.

نورەدین قەبلان، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند:”ناوبەناو پەلاماری تیرۆریستی و تەقینەوە لە شاری موسڵ و ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای نەینەوا ڕوودەدەن، ئێمە هۆكاریی ئەم پێشێلكارییە ئەمنیانە بۆ كەمی هەوڵە هەواڵگرییەكان دەگێڕینەوە”، ئاماژەی بەو كەموكوڕیانەش كرد كە لە دەزگا ئەمنییەكاندا هەن لەڕووی ئامێر و پێداویستییەكانی تایبەت بە دەزگای هەوڵگری دەزگای ئاسایشی نیشتمانى.

بە وتەی قەبلان:”ئەوان ئەو جۆرە كارە تێكدەرانە و هەموو پێشێلكارییە ئەمنییەكان، دەخەنە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكان، چونكە بەرپرسیارێتی ئەوانە كە دەبێت كاروبارەكان لەو ڕووەوە بەشێوەیەكی ڕاست و دروست بەڕێوەببەن”، بەپێویستیشی زانی ئەو هێزانە كەمتەرخەم نەبن لە بەجیگەیاندنی ئەركی پاراستن و پارێزگاریی ئاسایشی نەینەوا.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ خه‌ڵك دەڵێت”دەبێت هێزە ئەمنییەكان، حكومەتی خۆجێی و لایەنی سەروخۆیان ئاگاداربكەنەوە و داوایان لێبكەن، تەواوی ئامێر و كەلوپەل و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەن، تا بتوانن سەقامگیریی و ئاسایش بۆ پارێزگای نەینەوا فەراهەم بكەن”، سەرلەنوێ‌ هۆكاریی پێشێلكارییە ئەمنییەكانی خستەئەستۆی دەزگا ئەمنییەكان بەو پێیەی ئەوان بەرپرسی سەرەكی پاراستنی ئاسایشن لە پارێزگەكەدا.

ئەمە لەكاتێكدایە لەم ماوەیەی دواییدا، لە پارێزگای نەینەوا ژمارەیەك تەقینەوە و پەلاماریی چەكداریی ئەنجامدران، و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەك كوژران و ژمارەیەكی تر برینداربوون.