خزمه‌تگوزاریەكی نوێ بۆ كۆمپانیاكانی (ئاسیا، كۆڕه‌ك و زه‌ین) بەردەست دەبێ

SHKO 05/06/2019 - 09:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندنی عیراق واده‌ی جێبه‌جێكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كی نوێی هێڵه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن له‌عیراق ئاشكراده‌كات و به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی ده‌سته‌كه‌ش، ورده‌كاریی خزمه‌تگوزارییه‌كه‌ ڕونده‌كاته‌وه‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "له‌مه‌ودوا ژماره‌ گۆڕین نامێنێت".

به‌رپرسی نوسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندنی عیراق (CMC) به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "له‌ئێستادا له‌ڕێگه‌ی كۆمپانیاییه‌كی هۆڵه‌ندییه‌وه‌ سه‌رقاڵی به‌رده‌ستخستنی خزمه‌تگوزاریی (پاراستنی ژماره‌كان)ین و به‌گوێره‌ی‌ گرێبه‌سته‌كه‌ش، ده‌بێت له‌ماوه‌ی (5 بۆ 6) مانگدا كاره‌كان ته‌واوبكرێن، به‌وپێیه‌ له‌مساڵدا (2019) ئه‌و سیستمه‌ جێبه‌جێده‌كرێت".

له‌باره‌ی ڕونكردنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری پاراستنی ژماره‌ی مۆبایل، حسێن زاملی وتی:"له‌دوای به‌رده‌ستخستنی ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌، هه‌ر به‌كارهێنه‌رێكی هێڵه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن تا كۆتایی ته‌مه‌نیان یه‌ك ژماره‌یان ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت هێڵه‌كانیان بۆ كۆمپانیایه‌كی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیكردن بگۆڕن، به‌هه‌مان ژماره‌وه‌ ده‌بێت كه‌ پێشتر ده‌بوایه‌ ژماره‌كانیان بگۆڕایه‌".

ڕاشیگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر هێڵه‌كه‌ت (ئاسیاسێڵ) بێت و بته‌وێت بیكه‌یت به‌(زه‌ین) یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وه‌ هه‌مان ژماره‌كه‌ی كۆمپانیای (ئاسیاسێڵ)ت پێده‌بێت، به‌ڵام خزمه‌تگوزارییه‌كانت ده‌بێت به‌(زه‌ین)".

ئاشكراشیده‌كات، "ئێستا ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو كارتی پڕكردنه‌وه‌ی باڵانس به‌كارنه‌هێنرێت، ئه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ ژماره‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه‌ به‌بێ ئاگاداری به‌كارهێنه‌ر ده‌فرۆشرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌دوای جێبه‌جێكردنی ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌، هیچ ژماره‌یه‌ك نافرۆشرێت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر باڵانسیش به‌كارنه‌هێنێت".

به‌وته‌ی زاملی، "هه‌موو كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندیكردن له‌عیراق (ئاسیا، كۆڕه‌ك و زه‌ین) به‌و سیستمه‌ پابه‌ند ده‌بن، ئه‌گه‌رنا ئه‌و گرێبه‌ستی مۆڵه‌ته‌كانیان لێده‌سه‌نرێته‌وه‌".