یەکێک لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە گەنم و جۆ ئاشکرا بوو

SHKO 06/06/2019 - 08:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

چالاکانی مەدەنی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، چەند وێنەیەکی یەکێک لە کێڵگەکانی گەنم و جۆی شاری موسڵیان بڵاوکردووە، کە دەرکەوێت کەسانی نەناسراو هاوێنە یان "زەرەبین" کەبە کۆکەرەوەی تیشکی خۆر و ڕوناکی دادەنرێت لە ناو یەکێک لە کێڵگەکانی دانەوێڵەکەدا داناوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی خۆکردانە ئاگر بخاتەوە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بسوتێنێت.

ئەو چالاکانە باس لەوە دەکەن، ئەو هاوێنەیە کار دەکات لەسەر کۆکردنەوەی تیشکی خۆر بەشێوەیەکی چڕ و دواتر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی شوێنی کۆکردنەوەی ڕوناکی و تیشکی خۆر و خستنەوەی ئاگر لە ناو بەربوومە کشتوکاڵییەکەدا.

ئەو چالاکانە باس لەوە دەکەن، دۆزینەوەی ئەو ئامێرە، بۆ دوورخستنەوەی گومانە لەسەر ئەو کەسانەی کە هەستاون بە سوتاندنی کێڵگەکانی گەنم و جۆ و دانەوێڵەکان، جگە لەوەش بۆ ئەوەی  ئەوانەی دەستیان هەیە لە پرۆسەی سوتاندنەکەدا لە لایەن جوتیاران و هێزە ئەمنییەکانەوە نەبینرێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی هەشتی ئایاری ڕابردووە تا ڕۆژی دووی حوزەیران، ژمارەی ئەو ئاگرانەی کە لە کێڵگەکانی دانەوێڵەدا کەوتووەتەوە گەیشتووەتە ٢١٩ ئاگر، کە  بەهۆیانەوە ٤٥٠ هەزار دۆنم زەوى سوتاوە.

 

هەرچەندە تا ئێستا چەندین حاڵەتی سووتاندی دەغڵودان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق تۆماركراوە، بەڵام بڕوا وایە ئەوەی لە ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان روو دەدەن، ئامانجی سیاسی لە پشتە بۆ بێزاركردن و دوورخستنەوەی كوردانی ناوچە دابڕێندراوەكان و داگیركردنی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە.