عێراقیشی تێدایە، ئەمساڵ بەرزترین پلەی گەرمی لەم سێ‌ وڵاتە دەبێت

15/06/2019 - 08:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

دوای شەپۆڵێكی زۆر ساردی سەرما لە وەرزی زستانی ئەمساڵ، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵیش بەهەمان شێوە شەپۆڵێكی گەرما ڕووی لەناوچەكە كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی دەستەی كەشناسی جیهانی، سێ‌ وڵاتی ناوچەی كەنداو بەرزترین پلەی گەرمایان تۆمار كردووە لەجیهان.

بەپێی زانیارییەكان، هەریەكە لەوڵاتانی كوێت و سعودیەو عێراق بەرزترین پلەی گەرمیان لەسەر زەوی تۆماركرد، پێشبینیش كراوە لە مانگی داهاتوودا پلەی گەرمی لەو سێ وڵاتەدا بگاتە (68) پلەی سیلیزی.

هاوكات ئاماژە بەوەشدراوە، كە پلەی گەرما لە چەند رۆژی رابردوودا لە كوەیت گەیشتۆتە (52.2) لەو شوێنانەی كە سێبەرن، بەڵام پلەی گەرما لەو شوێنانەی كە راستەوخۆ تیشكی خۆریان بەردەكەوێت گەیشتۆتە (63) پلە.

هەروەها پلەی گەرما لە سعودیە گەیشتۆتە (55) پلەو لە عێراقیش (55.6) پلەی سیلیزی، ئەمەش گەرمترین پلەی گەرمین لەمساڵدا تۆماركرابن.