سەرۆك وەزیری عێراق : ڕێگە بەجوڵەی هیچ هێزێكی ناوچەكە نادەین

19/06/2019 - 11:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە ڕێگە نادەن هیچ وڵاتێكی ناوچەكە لەسەر خاكی عێراق بوونیان هەبێت و بەبێ ڕەزامەندی عێراق جموجوڵیان هەبێت.

(عادل عەبدولـمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە هاوكار فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقیشە، ئێوارەی دوێنێ ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، وڵات بە ڕەوشێكی ئاڵۆز لە شەڕی ناوخۆیی و دەرەكیدا تێپەڕیووە، لە هەڵوەشاندنەوەی سوپاوە تا سەپاندنی داگیركاری بەسەر عێراقداو بوونی هێزی بیانی و دەستوەردانی دەرەكی و دروستكردنی میلیشیای چەكدارو بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ كردەی چەكداری لە دژی ئامانج و وڵات و هێزی دیكە لە دەرەوەی ئیرادەی دەوڵەتی عێراق.

هەروەها، هاتووە: عێراق بە دەستكردەی وێرانكاری و تیرۆریستییەوە دەناڵێنێ، بە تایبەتی تیرۆری ڕێكخراوەكانی قاعیدەو داعش و داگیركردنی بەشێكی خاكەكەی كە دواتر بە تێكۆشانی سوپا، حەشدی شەعبی، پێشمەرگەو حەشدی عەشائیری، سەركەوتنی گەورە بەسەر تیرۆر بەدەستهات.

هەروەها، (عادل عەبدولـمەهدی) ئاماژەی بە سێ خاڵ كردووە، كە بریتن لە:

1. ڕێگە نادەین هیچ هێزێكی بیانی كار یان جوڵە لەسەر خاكی عێراق بەبێ مۆڵەت و ڕێككەوتن و كۆنترۆڵی حكومەتی عێراق ئەنجام بدات.

2. ڕێگە نادەین هیچ وڵاتێكی ناوچەكە یان وڵاتانی دیكە لەسەر خاكی عێراق بوونیان هەبێت یان كردە دژی هەر لایەنێك بكەن، جا چ وڵاتانی بیانی بێت یان وڵاتانی دراوسێ بێت.

3. ڕەتیدەكەینەوە ڕێگە بدرێت هیچ هێزێكی عێراقی یان غەیرە عێراقی لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان كار بكات.