جبوری : لەرووداوەكانی دوێنێ‌ عەبادی بەرپرسیاری یەكەمە

دوو شەممە, 02 ئایار 2016 08:07

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆك وەزیرانی بەبەرپرسیارزانی لەشكاندنی شكۆی ئەنجوومەنەكەی.
دوێنێ‌ لایەنگرانی رەوتی سەدر لەشاری بەغدا هەڵیانكوتایە سەر ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوەش بووە مایەی راكردنی سەرجەم پەرلەمانتارەكان، پاشان نیگەرانی ناوخۆیی و دەرەكی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەمڕۆ لەووتارێكی تەلەفزیۆنیدا (د. سەلیم جبوری) سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، هیچ بژاردەیەكی تر نییە جگە لەگەڕانەوە بۆ پرۆسەی سیاسی و پارێزگاری كردن لەسەروەری دەوڵەتی عێراق.
جبوری ووتیشی، ئێستا ئەوان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژووییدان و پێویستە هەموو ئەو كۆسپ و لەمپەرانە ببەزێنن، ئەوەش خۆڕاگری و هۆگری پێویستە.
هەروەها سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران راشیگەیاند، (حەیدەر عەبادی) وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بەرپرسیارێتی هەموو رووداوەكانی لەئەستۆیە، بەتایبەتی ئەوەی كە دوێنێ‌ بەسەر ئەنجوومەنەكەیدا هات.