سلێمانی... هۆكارەكانی‌ بەرز بونەوەی‌ نرخی‌ بەنزین ئاشكرا دەكرێت

09/05/2016 - 11:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سەرۆكی‌ لیژنەی‌ وزەو سامانەسروشتییەكانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕایدەگەیەنێت: بەرزبونەوەی‌ نرخی‌ بەنزین چەند هۆكارێكی‌ لە پشتەوەیە، دەشڵێت هەربازرگانێك ڕێگری‌ لێدەكرێت لە هێنانی‌ بەنزین با ئاگادارمان بكاتەوە.

د.غالیب محەمەد سەرۆكی‌ لیژنەی‌ وزەو سامانە سروشتییەكانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بە كوردیو ڕاگەیاند:" لە ماوەی‌ ئەم هەفتەیەدا نرخی‌ بەنزین لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەرز بوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە و هۆكارەكەشی‌ دەگەڕێتەوە بۆ بەرز بونەوەی‌ نرخی‌ نەوت و بەهای‌ دۆلار ، بەڵام ئەوە هۆكارێك نییە كە بەم شێوەیە نرخی‌ بەنزین بەرز بۆتەوە ".

هەروەها وتیشی:‌" باس لەوەش دەكرێت كە پەیوەندی‌ بە كوالێتی‌ بەنزینەوە هەیە، چونكە سوتانی‌ بەنزین لە ڕێگەی‌ بزوێنەرەوە لە وەرزی‌ هاوین جیاوازی‌ هەیە لەگەڵ وەرزی‌ زستانەدا، واتا لە ئێستادا كوالێتی‌ بەنزین بەرزترە".

د.غالب ئەوەش خستەڕوو:" وەك ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەدواداچونمان كردووە بۆ هۆكاری‌ بەرزبونەوەی‌ نرخی‌ بەنزین، بەڵام تا ئێستا هۆكارێكی‌ وامان دەست نەكەوتووە كە ببێتە هۆكاری‌ بەرزبونەوەی‌ نرخی‌ بەنزین بەم شێوەزە".

سەرۆكی‌ لیژنەی‌ وزەو سامانەسروشتییەكانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕایگەیاند" داواكارم هەر بازرگانێك دەیەوێت بەنزین بهێنێتە پارێزگای‌ سلێمانی‌ و ڕێگری‌ لێدەكرێت با ئاگادارمان بكاتەوە، هاوكات هەر بازرگانێكیش دەیەوێت بەنزین بهێنیت بە هەموو شێوەك هاوكای‌ دەكەین".

وتیشی:" لەم ماوەیەدا 15بەنزینخانە لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ داخراوە و هۆكارێكیشە بۆ بەرز بونەوەی‌ نرخی‌ بەنزین".

دەربارەی‌ هۆكاری‌ داخستنی‌ ئەو 15بەنزینخانەیە لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ وتی‌" بەهۆی‌ خراپی‌ كوالێتی‌ بەنزینەكەیانەوە بووە و لەم ماوەیەدا نزیكەی‌ 1000ئۆتۆمبێل فیلپەمپیان سوتاوە و لە كار كەوتووە".

دكتۆر غالیب محەمەد وتیشی‌:" پشتر پێشنیاری‌ ئەوەم كردبوو كە پێویستە ڕێژەیەك دابنرێت لەگەڵ بەرز بونەوی‌ نرخی‌ نەوت بەو ڕێژەیە نرخی‌ بەنزین بەرز بكرێتەوە، بەڵام تائێستا پێشنیارەكەم بە هەند وەرنەگیراوە".

ئەوەشی‌ خستە ڕوو" لە ئێستادا هێنانی‌ بەنزین شێوەی بازرگانییە و كە بازرگانیش بوو بازاڕ ئازادە كە لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ 14كۆمپانیا بەنزین دەهێن كە زۆرینەیی‌ لە وڵاتی‌ ئێرانە دێت".

ئاماژەی بەوەش كرد:" هۆكارێكی‌ تری‌ بەرز بونەوەی‌ نرخی‌ بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی‌ پێشتر وەزارەتی‌ سامانەسروشتییەكانی‌ هەرێم بەنزینی‌ پاڵاوگەكانی‌ بازیانی‌ دەدایە مەقاولەكان لە جیاتی‌ چەك بەڵام لە ئێستادا ئەوە ڕاگیراوە و تا مقاولەكان بیفڕۆشنەوە لە بازاڕدا".

 

 


سەلام بێستانسوری