لەسەر بكوژی گەنجەكەی هەولێر روونكردنەوە دەدرێت

09/05/2016 - 13:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كورديو -

 


فەرماندەیی ھەولێر لەسەر كوژرانی گەنجێكی شارەكە لەلایەن ئەفسەرێكی فەرماندەییەكەیانەوە رونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت تاوانبار بەھیچ شێوەیەك دوای ئەنجامدانی تاوانەكە لەھیچ بارەگایەكی فەرماندەیی نەبووە.

لەسەر كوشتنی گەنجێكی شاری ھەولێر بەناوی(بارزان) فەرماندەیی ھەولێر لە رونكردنەوەیەكیدا رایگەیاندووە، كە تاوان ھەر تاوانە و ھەركەسێك ئەنجامی بدات لەھەر جێگا و پلە وپایە یەك بێت، تاوانباریش دەبێت سزا بدرێت.

لەبەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە كە "كوشتنی ھاوڵاتیەك بەناوی(بارزان) لەلایەن ئەفسەرێكی فەرماندەییمان، ھیچ پەیوەندییەكی بەفەرماندەییمانەوە نییە، دەستگیركردنی تاوانباریش ئەركی ھەمووانە، كاتێك تاوانبار شوێنی نادیاربێت پێویستە ھەموو ھاوكاربین بۆ رادەستكردنی بۆ بەردەم یاسا".

لەكۆتایی رونكردنەوەكەشیاندا، ھاتووە كە "تاوانبار بەھیچ شێوەیەك دوای ئەنجامدانی تاوانەكە لەھیچ بارەگایەكی فەرماندەیی نەبووە، تەنھا بەپێی پەیوەندی تەلەفونی كەمتر لەیەك كاتژمێر گەڕاوەتەوە رەبایەكەی خۆی لەگوندی قەراج و دواتر خۆی ونكردوە و نادیارە".

فەرماندەیی ھەولێر راشیدەگەیەنێت"بەڵێن دەدەین كە لەكاتی ھەبوونی ھەر زانیارییەك رادەستی یاسایی بكەین بۆئەوەی بەسزای خۆی بگات".


هونەر بانەگوڵانی