دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە كوشتنی بارزان ڕەشید هاتە دەنگ

09/05/2016 - 16:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لەبارەی كوشتنی قوتابییەكەی زانكۆی جیهان هاتە دەنگ و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو ڕووداوە هەموو لایەكی دڵگران كردووە.


ئەمڕۆ دووشەممە 9\5\2016، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد: “دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو گەنجێكی شاری هەولێر لەلایەن كەسێكەوە به ‌بەرچاوی خەڵك و لەناو قەرەباڵغیی شار كوژرا، لەسەر بەكارهێنانی (فول لایتی ئۆتۆمبێل) بەرامبەری، ئەو ڕووداوە هەموو لایەكی نیگەران كردووە، ڕووداوێكی ناخ هەژێن و نەخوازراو بوو”. جەختیش لەوە كراوەتەوە كە دەستەكە وێڕای دڵگرانییان بۆ ئەو ڕووداوە، بەپێویستی زانیوە هاووڵاتییان لە بەكارهێنانی توندوتیژی و بەكارهێنانی چەك و زمانی هەڕەشە لە كاتی بوونی كێشە و گرفتەكان، خۆیان بە دوور بگرن.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە: “هێشتا بكوژەكە نەدراوەتە یاسا و یەكلا نەبووەتەوە و دیار نییە، چونكە تەنها یاسا دەتوانێت كێشەكان یەكلا بكاتەوە و ماف بۆ تاوان لێكراو وەربگرێتەوە و مافی تاوانباریش پارێزراو بێت”. جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە وەك دەستەی مافی مرۆڤ، لە نزیكەوە چاودێریی ڕەوشەكەیان كردووە و‌ چاوەڕێی هەوڵەكانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانیان كردووە،‌ بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دادگاوە ئەو كەیسە یەكلا بكەنەوە. دووپاتیشی كردووەتەوە: “نەمانویستووە دەست وەردەینە قۆناغەكانی بەدواچوون و لێكۆڵینەوەكان و ڕێكارە یاساییەكان لەو كەیسە”.

هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا ئەوە دووپات كراوەتەوە كە دەبێت دیاردەی چەكداری و هەڵگرتنی لە دەرەوەی دەوام و چەكداریی بێ مۆڵەت كۆنتڕۆڵ بكرێت و به ‌یاسا ڕێك بخرێت، سەرەڕای بوونی یاسای ژمارەی (16) ی ساڵی 1993ی تایبەت به ‌چەك، بەڵام ئەو یاسایە بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان و ئەو قۆناغە ناگونجێت و پێویستە هەموار بكرێتەوە، وەك دەستەكە ئاماژەی پێ داوە. لە كۆتاییشدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هیوای خواستووە، هەرچی زووە ئەو كەیسە ڕێكاری یاسایی خۆی وەربگرێت و لە ڕێگەی دادگاوە یەكلا بكرێتەوە.