ئه‌مینداری‌ گشتی یه‌كگرتوو: له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵیدا بڕیار ده‌درێت

ڕێبین عەلی 15/05/2016 - 11:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

مامۆستا محه‌مه‌د فه‌ره‌ج ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان رایگه‌یاند، له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵیدا كه‌ بڕیاره‌ سبەی دوشه‌ممه‌ ئه‌نجام بدرێت بڕیار له‌باره‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ یان نه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كورد بۆ به‌غدا ده‌درێت و شه‌قامی‌ كوردی‌ داواده‌كات گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ وه‌كو ئه‌وانه‌ی‌ پێشوو نه‌بێت.

مامۆستا محه‌مه‌د فه‌ره‌ج دوێنێ شه‌ممه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌دهۆك رایگه‌یاند "جارانی‌ دیكه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌دا بۆ به‌غدا، به‌ڵام ئێستا شه‌قامی‌ كوردی‌ زۆر توڕه‌یه‌و داواكه‌ن لایه‌نه‌كان وه‌كو پێشوو به‌و ئاسانی‌ و ساده‌ییه‌ی‌ پێشوو نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی‌ مه‌رجدار بێت و به‌ نوسراو بێت و زه‌مانێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت بیر له‌ بژارده‌ی‌ تر بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ گه‌ل دیاریده‌كات".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵی‌ ئه‌ساسه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆخه‌كه‌، بۆ كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵی‌ دوشه‌ممه‌ی‌ هه‌م لایه‌نه‌كان هه‌م فراكسیۆنه‌كان هیچ لایه‌نێك ناڕه‌زایی نه‌بووه‌و له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بڕیار ده‌درێت بۆئه‌وه‌ی‌ چیبكرێت بۆ پرسی كورد له‌به‌غدا.

به‌وته‌ی‌ ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ ئاسۆیه‌كیش ده‌بێت بۆ یه‌كخستنی‌ ناوماڵی‌ كوردی‌.


ڕێبین عەلی