ئاری هەرسین لەسەر براکەی هاتە دەنگ

ڕێبین عەلی 15/05/2016 - 11:12 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وەلامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە گوایە براکەی له‌ سوید پاره‌ی سۆشیال وه‌رده‌گرێ و له‌ كوردستانیش به‌پله‌ی نه‌قیب خانه‌نشین كراوه‌.

ئاری هه‌رسین، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك ڕایگەیاند "خزمه‌ت كردنی خاكی پیرۆزی كوردستان و گیان فیداكردن بۆی لای ئێمه‌ ئازایه‌تی و پیاوه‌تی نیه‌، به‌ڵكو ئه‌ركی سه‌رشانمانه‌. به‌ڵام نامه‌ی كه‌سێكی نه‌ناسراو كه‌ ده‌ڵێت گوایا كاك ئاراسی برام له‌ سوید پاره‌ی سۆشیال وه‌رده‌گرێت و، له‌ كوردستانیش به‌ پله‌ی نه‌قیب خانه‌ نشین كراوه‌ و هه‌مو مانگێك پاره‌ی خانه‌ نشینیه‌كه‌ی بۆ ده‌چێت بۆ سوید، ناچاری كردم ئه‌م ڕونكردنه‌وه‌یه‌ بڵاو بكه‌مه‌وه‌."

ئەو پەرلەمانتارە هەروەها نوسیوێتی "ئاراس له‌ ساڵی ٢٠١٠ به‌دواوه‌ پاسه‌وانی شه‌خسی من بوه‌. ماوه‌ی زیاد له‌ ساڵێك یه‌ك دینار موچه‌ی حیزبی و حكومی نه‌بوه‌. پاش ئه‌وه‌ له‌ ئاسایش دامه‌زرا به‌ پله‌ی ئه‌مین كه‌ نزمترین پله‌یه‌ له‌ ئاسایشدا. كه‌ شه‌ڕی داعش ده‌ستی پێكرد لا ٢٠١٤/٨/٧ له‌گه‌ڵ خۆما پێشمه‌رگه‌ بوه‌. "


دەشڵێت: "ئاراس خاوه‌نی یه‌ك مه‌تر زه‌وی و هیچ ئیمتیازێك نیه‌ له‌ كوردستان، ته‌نانه‌ت ئۆتۆمبیلیشی نه‌بو. په‌روه‌رده‌ی ئێمه‌ ئه‌و جۆره‌ ئه‌تواره‌ قوبوڵ ناكات چاوی ته‌ماعی شه‌خسیمان هه‌بێت. هه‌ر كه‌سێكیش چی له‌ سه‌ر ئێمه‌ هه‌یه‌ با بێ منه‌ت بێت و بڵاوی بكاته‌وه‌. "

له‌ كۆتایی پۆسته‌كه‌شیدا، ئاری هه‌رسین باس لەوە دەکات كه‌ "ئاراس وه‌ك هه‌مو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان شایانی مه‌دالیای ڕێزلێنانه‌، زۆریش به‌داخه‌وه‌ ئه‌و نه‌فس نزمه‌ بێ ناونیشانه‌ ده‌ڵێت من پارتیم و خوێنم زه‌رده‌. ئێمه‌ پارتین، به‌ س خوێنمان سوره‌. چونكه‌ خوێنی شه‌هیدانی كوردستان سوره‌. "


ڕێبین عەلی