حكومەتی هەرێم: هەوڵ دەدەین بۆ دابینكردنی ژیانێكی گونجاو بۆ مامۆستایان

15/05/2016 - 11:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزرانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: سوورن لەسەر بایەخدانی زیاتر بە كەرتی پەروەردە هەوڵی دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ مامۆستایان دەدەین.

 

ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە ڕایگەیاند:"بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە، پیرۆزباییەكی گەرم لە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و لە ڕێگەی ئەویشەوە لە سەرجەم مامۆستایانی دڵسۆزی كوردستان دەكەین، هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە هاندەری زیاتری خەباتی پیشەیی و مەدەنیی ئەم ڕێكخراوە لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری مامۆستایانی كوردستان و گەل و نیشتیمانەكەمان".

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە:" وێڕای هەموو كێشە و دژواریەكان، سوورن لەسەر بایەخدانی زیاتر بە كەرتی پەروەردە و خوێندن، وەك هەستیارترین كەرتی پەیوەست بە بنیاتنانی نیشتیمان و مرۆڤ و ژیان، هەموو هەوڵێكیش دەدات بۆ دابینكردنی ژیان و گوزەرانێكی گونجاو بۆ مامۆستایان كە شیاو بە پێگە و ئەرك و ڕۆڵی پڕ بایەخیان بێت".

 

 

 

سەلام بێستانسوری