مەسروور بارزانی: ئێستا كاتی سەربەخۆییە

ڕێبین عەلی 16/05/2016 - 10:12 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت "کاتی ئەوەیە خەڵکەکەمان خۆیان بڕیار لەسەر داهاتوویان بدەن".

ئەمڕۆ دووشەممە 16-5-2016، 100 ساڵ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامەی سایکس - پیکۆدا تێپەڕدەبێت، کە بەهۆیەوە کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکرا و ئێستاش دوای تێپەڕبوونی ئەو 100 ساڵە، لە هەموو کاتێک زیاتر باسی راگەیاندنی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان دەكرێت.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توێتەر دەڵێت "هەندێک کەس دەڵێن ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، بەڵام من پێموایە ئێستا کاتیەتی، بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن".

مەسروور بارزانی باس لە رێککەوتنەکەی سایکس - پیکۆ دەکات و بە نادادپەروەری ناوی دەهێنێت، لە توویتێکی دیکەدا نووسیویەتی "100 ساڵ سەرنەکەوتن و خوێنڕژان بەسە بۆ ئەوەی رێگەیەکی نوێ تاقیبکەینەوە، بۆ کوردستان ئێستا کاتی ئەوەیە نادادپەروەرییەکە هەڵبووەشێنینەوە".


ڕێبین عەلی