سەرۆكی پەرلەمان بۆ یادی سەد ساڵەی سایكس بیكۆ پەیامێك ڕادەگەیەنێت

16/05/2016 - 13:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیوـ سلێمانی
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەیادی جێبەجێكردنی پەیماننامەی سایكس بیكۆدا پەیامێك ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەكات لە ئێستادا هەندێ هێزی كوردی هەن، كە درێژە پێدەری تۆخ كردنەوەی ئەو سنورانەن كە كورد بە درێژایی دەیان ساڵ، بۆ نەهێشتنیان قوربانیی داوە.ئەگەر گەلی كورد قوربانی سنورە داڕێژراوەكانی ناوچەكەیە، ئەوا ئەمڕۆ كەمینەیەك لە ڕەوتی بەرفراوانی مەیدانی كوردایەتی، سنور لە نێوان پارچەكانی كوردستاندا دروست دەكەن.
یوسف محمد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا كەوێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە ڕایگەیاندوە" پاش سەد ساڵ له داڕشتنی سنوری دژ بە خواستی خۆمان، كاتی ئەوەیە نەك سنورەكانی سەر خاك، بەڵكو سنورەكانی نێوان كۆمەڵگا و پێكهاتە و زاراوەكانمان نەهێڵین. ئەمەش بە حكومەت و ئیرادەیەكی نیشتمانی دەكرێت. بە بونی دیموكراسی ڕاستەقینە دێتەدی."

دەقی بەیاننامەكە:
سەد ساڵ لەمەوپێش هێزە ئەوروپیەكان، بە تایبەت بەریتانیا و فەرەنسا، كەوتنە پلانی ئەوەی كە چۆن بەشی رۆژهەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی له نێوان خۆیاندا دابەش بكەن هەتا رێگە له هێزی تر بگرن بێتە ئەو ناوچەیە و بەرژەوەندیەكانیان بپارێزن.
ئەم بەرنامەی سنوررێژی و دابەشكردنە بەو پەڕی نهێنی، بەبێ هیچ ئاگاداری و راوەرگرتنێكی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە كرا. گەرچی ئەم نەخشە ڕێژیە وەك خۆی جێبەجێ نەكرا، بەڵام هێزە كۆلۆنیالیەكان پاش جەنگی جیهانیی یەكەم، لەسەر بنەمای رێكەوتننامەی سایكسپیكۆ، ڕۆڵی سەرەكیان بینی لە هاتنە ئارای ئەو نەخشەیەی كە ئەمڕۆ له ناوچەكەدایە.
ئەمڕۆ كە سەد ساڵ بەسەر ئەم رێككەتنامەیەدا تێدەپەڕێت، ناوچەكە له دۆخێكی تەواو ئاڵۆز و قەیراناویدایە. دەوڵەتە ناوەندیەكانی ناوچەكە بە تایبەتی عێراق و سوریا تەواو شكستیان هێناوه و ئەستەمە جارێكی تر بگەڕێنەوە دۆخی جارانیان.
ئەم داڕمانەی مۆدێلی دەوڵەتی ناوەندی لە ناوچەكە، بۆ گەلەكەمان كۆمەڵێك دەرفەتی هێناوە. هەتا ئەم چەند ساڵەی پێشو سیستەمی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەها كاری دەكرد كه رێگە بە دەركەوتن و ئامادەبونی كورد نەدات وەك گەل و نەتەوەیەك. ئەمڕۆ ئەم دۆخە گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتوە. كورد هێزێكی چارەنوسسازە لە ناوچەكەدا. ئەمڕۆ پێشمەرگە و شەرڤان هاوپەیمانی هێزە مۆدرێنەكانی دونیان و شەڕی دژە تیرۆر دەكەن. ئەم دەرفەتە دەبێت بە قازانجی سەرتاپا گەلی كوردستان بشكێتەوە. پاش سەد ساڵ كاتیەتی جارێكی تر نەخشەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەك دابڕێژرێتەوەكە مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلانی ناوچەكە، بەتایبەت بۆ گەلەكەمان، رەچاو بكرێت و، هەر ئەمەش دەستەبەری سەقامگیری و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانی ناوچەكە دەكات.
بەڵام بە داخەوە، له كاتێكدا گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە دەرفەتی بێوێنەیان بۆ كورد هێناوەتە ئارا، هێزی كوردی هەن، كە درێژە پێدەری تۆخ كردنەوەی ئەو سنورانەن كە كورد بە درێژایی دەیان ساڵ، بۆ نەهێشتنیان قوربانیی داوە.ئەگەر گەلی كورد قوربانی سنورە داڕێژراوەكانی ناوچەكەیە، ئەوا ئەمڕۆ كەمینەیەك لە ڕەوتی بەرفراوانی مەیدانی كوردایەتی، سنور لە نێوان پارچەكانی كوردستاندا دروست دەكەن. سنور نەك بۆ دیاریكردنی قەڵەمڕەوی و دروستكردنی پەیوەندی، بەڵكو سنور بۆ ئابلۆقە و فشاركردن. داخستنی سنوری سێمێلكا بە ڕوی ڕۆژاوا، تەنانەت دابەشكردنەوەی باشور و تۆخكردنەوەی سنورەكانی سەدەمی شەڕی ناوخۆ، درێژەدانە بە سیاسەتی دابەش كردنی كوردستان و، قوڵكردنەوەی زیاتری ئەم دابەشكارییە.
وەك چۆن ئەو سنورانەی كە ئەوانی تر كێشایان مایەی ئازاربون بۆ گەلی كوردستان، ئەو سنورانەی كە هێزی ناوخۆیی له نێوان بەشەكانی كوردستاندا دەیكێشیت یان تەنانەت لە نێوان پارێزگاكانی باشور دا دەیكێشێت،زیاتر زیان بەخشن.
پاش سەد ساڵ له داڕشتنی سنوری دژ بە خواستی خۆمان، كاتی ئەوەیە نەك سنورەكانی سەر خاك، بەڵكو سنورەكانی نێوان كۆمەڵگا و پێكهاتە و زاراوەكانمان نەهێڵین. ئەمەش بە حكومەت و ئیرادەیەكی نیشتمانی دەكرێت. بە بونی دیموكراسی ڕاستەقینە دێتەدی.
بەرز و پیرۆز بێت ئیرادەی بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەكانمان..
د.یوسف محەمەد سادق
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
١٦-٥-٢٠١٦

أ.س