ئاسایشی سلێمانی داوای لێ بوردن دەكات

16/05/2016 - 15:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - 

دوای ئەوەی لە لایەن كارمەندێكی ئاسایشی سلێمانیەوە لە كچە رۆژنامەنوسێك دراو ئیهانەی پێ كرا ، ئاسایشی شارەكە داوای لێ بوردن دەكات .

لە راگەیەندراوێكیدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە: دوای ئەوەی لەڕۆژی هەینی 13/5/2016 هێزەكانمان بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی هاوڵاتیان لەبەردەم مزگەوتی بەهەشت لە شاری سلێمانی , هەستان بەئەركی سەرشانی خۆیان , نەخوازراوانە لەوكاتە دا یەكێك لە كارمەندەكانی ئاسایشی سلێمانی لەگەڵ كچە ڕۆژنامەنوسێكی ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا و سایتی دەنگی ئەمریكا بەناوی (ژیار محمد ) پشێوی دروست بووە .

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: دەست بەجێ بەرپرسی ئاسایشەكان كەوتۆتە نێوانیان و بە پێی یاسا لێپرسینەوەی لە كارمەندەكەی ئاسایشی كردووە , داوای لێبوردنی لە ڕۆژنامەنوس ژیار محمد كردووە , كێشەكە كۆتایی هاتووە .

ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت: ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی وێڕای دووبارە لێبوردن لە ڕادیۆ و سایت و ڕۆژنامەنوسەكە , هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە ئەركی ئاسایش پاراستنی سەرو سامان وكەرامەتی هاوڵاتیانەو هەر جۆرە كارێكی نەشیاو لەلایەن هەر كارمەندێكەوە بە بێ ئیجرائاتی یاسایی تێپەڕنابێـت و لەسەر ئەو كێشەیە لیژنەی لێكۆڵینەوە پێنكهێنراوە .

 

م. كانی