پەرلەمانی كوردستان رێككەوتننامەكە رەتدەكاتەوە

16/05/2016 - 15:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - هەولێر

بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی سایكس-بیكۆدا، سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2016/5/16 لە تەلاری پەرلەمان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان و ژمارەیەك لە راوێژكاران و فەرمانبەران و كارمەندانی پەرلەمان، مەڕاسیمێك بەڕێوەچوو.


لە مەڕاسیمەكەدا كە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن بەڕێوەچوو، وتاری پەرلەمانی كوردستان بەو بۆنەیەوە خوێندرایەوە كە تیایدا وێڕای رەتكردنەوەی ئەو سیاسەتی دابەشكردنەی كە بەناوی رێككەوتننامەی سایكس-بیكۆ دەرهەق بە گەلانی ناوچەكە بە گشتی و گەلی كورد بە تایبەتی كرا، باس لەوە كرا كە لە سایەی ئەو دابەشكردنەدا گەلی كورد رووبەڕووی چەندین تاوانی نێودەوڵەتی و سیاسەتی سوتماككردن و لەناوبردن بۆتەوە و لە هەموو مافێكی بێبەشكراوە.


هەر لەوتارەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە لە ئێستادا وڵاتانی سایكس-بیكۆ ‌و ناوچەكەش هەستیان بە نا واقعییەت و نا دادپەروەرانەی ئەو رێككەوتنە كردووە و لە ئێستادا كە سەد ساڵ بەسەر ئەو رێككەوتنەدا تێپەڕ دەبێت وڵاتانی ناوچەكە كە لە دەرئەنجامی ئەو رێككەوتننامەیە دروستبوون بەرەو هەڵوەشانەوە دەچن و گەلی كوردیش ئەو رێككەوتننامەیە بە رێككەوتننامەیەكی بەتاڵ ‌و كۆتایی هاتوو لە قەڵەم دەدات و سیاسەتی دابەشكردنی گەلان و تاڵانكردنی سەروەت و سامان و بێبەشكردنیان لە مافی چاەرنووس رەتدەكاتەوە ‌و سیاسەتی پێكەوەژیانی مرۆڤانە ‌و ئاشتییانە لە نیًَوان نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوین بە خاڵی وەرچەرخانی ارامی ‌و سەقامگیری و ژیانەوەی گەلانی ناوچەكە دەزانێ.


لە بەشێكی تری وتارەكەی پەرلەمانی كوردستاندا، ئاماژە بە شەڕی دژ بە تیرۆریزمی جیهانی و رۆلی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە فیداكاری و قوربانیدان و خۆڕاگری لەو شەڕەدا كرا.


لە كۆتایی وتارەكەدا پەرلەمانی كوردستان جەخت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی نیشتیمانی بۆ بڕیاردان لەسەر مافی چارەنووس بۆ گەلی كورد دەكاتەوە و داواش لە دەوڵەتان و گەلانی ناوچەكە لەسەردەمی سایكس-بیكۆ و كۆڕ و كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات كە بە گوێرەی یاسا رەواكان پێشوازی ‌و پشتیوانی گەلی كوردستان بكەن و ئەو زام و ستەمكارییەی رابردوو قەرەبوو بكەنەوە.

م. كانی