مەسرور بارزانی: چیدیكە یاریمان پێ مەكەن و لەجیاتی ئێمە بڕیار مەدەن

16/05/2016 - 15:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو - هەولێر

ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەسەر 100 ساڵەی یادی رێككەوتنامەی سایكس بیكۆ رایگەیاند: دانانی سنوورەكان و دابەشكردنی ناوچەكە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گەورە هێزەكانی ئەوسا بووە، هیواداریشە چیدیكە هیچ هێز یان لایەنێك یاری بە چارەنووسی كورد بكات .

مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە یادی 10 ساڵەی پەیماننامەی سایكس بیكۆ دەڵێت: ئەمرۆ سەد ساڵ بەسەر رێككەوتنی سایكس_پیكۆ تێدەپەرێت، كە بۆ بەشێكی زۆری خەلكی ناوچەكە و بە تایبەتی كورد پڕ بووە لە وێرانكاری و ژێردەستی و نادادپەروەری .

مەسرور بارزانی دەشڵێت: رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەو كاتەوە ئاشتی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە، چونكە دانانی سنوورەكان و دابەشكردنی ناوچەكە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گەورە هێزەكانی ئەوسا بووە، بە بێ ڕەچاوكردنی ویستی نەتەوە جیاوازەكانی ناوچەكە بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان و بەرژەوەندییەكانیان .

ئاماژەی بەوەش كردووە: لە ئەنجامی ئەم چەوتیە مێژووییە، ناوچەكەمان دوچاری قەیران و شەڕ و وێرانكاریی زۆر بووە و گەلەكەمان قوربانیی زۆری داوە لە پێناو پاراستنی ناسنامەی خۆی .

ئێستا كاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەك دان بەم هەڵە كارەساتبارە دابنێن. بۆ راستكردنەوەی ئەم ستەم و نادادپەروەریە پێویستە رێگە بە خەڵكی ناوچەكە بدرێت بڕیار لە سەر ماف و چارەنووسی خۆیان بدەن .

هیوادارم چیدیكە گەلی كوردستان رێگە نەدات لە ژێر هیچ بیانووەك و هیچ فشارێك، هێز یان لایەنێك یاری بە چارەنووسیان بكات و ئەم دەرفەتەی هاتۆتە پێش لە دەست بچێت. دەبێت گەلەكەمان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بەرەو و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.

راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش باس لەوەش دەكات: سەربەخۆیی لە ناخەوە دەست پێ دەكات. دەبێت بمانەوێت سەر بە خۆمان بین تاكو سەربەخۆ بین. نابێت رێگا بدەین یارییە سیاسییەكان و بەرژەوەندیی تەسكی حیزبی یان ویستی كەسی بەربەست بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دروست بكات. ئەگەر خۆمان ژێردەستی قبول نەكەین هیچ هێزێك ناتوانێت بمانچەوسێنێتەوە. با خۆمان بڕیار بدەین و رێگە نەدەین هیچ كەس و لایەنێك لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات. با چیتر رێگە نەدەین بە بیانووی جیاواز كە كاتی ئەوە نیە یاخود بارودۆخ گونجاو نیە، هەر بە پاشكۆ بمێنینەوە. كاتی ئەوەیە خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین.

م. كانی