هەڵەبجە …91 هەمین بەركەوتەی چەكی كیمیایی كۆچی دوایی كرد

19/05/2016 - 09:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو ـ هەڵەبجە ـ حەیدەر حەمەصاڵح

پاش تێپەڕ بوونی 28ساڵ بەسەر بۆردومانی شارەكەدا و دوای ململانێیەكی زۆر لە گەڵ برینەكانی دوێنێ 91هەمین برینداری چەكی كیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە كۆچی دوایی كرد .

 

لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارنی هەڵەبجە لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند: بەداخەوە هەواڵی كۆچی دوایی یەكێكی دیكە لەبریندارانی چەكی كیمیاییمان بیست بەناوی (ڕابیعە حەسەن حسێن ) كە 91هەمین بەركەوتەیە، شەهید دەبێت لەدوای ساڵی 2003وە ، بەركەوتوانێكی زۆرمان هەیە كە پێویست بوو سەردانی پزیشكەكانیان بكەنەوە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە وەك پێویست ئەوكارە بكرێت و سەردانی پزیشكەكانیان بكەن لەوڵاتی ئێران .

 

هەروەها ڕاشیگەیاند: كێشەی برینداران و قوربانیەكان بەردەوامی هەیە و برینارەكانی ئێمە دەبێت بەردەوام چاودێری بكرێن و ناكرێت لە چارەسەر داببڕێن ، بەداخەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە چارەسەری بریندارن ماوەتەوە .

 

لە كۆی 254 برینداری پلەیەك 90 كەسیان مەترسیدارن ئەو بریندارەی ئەمڕۆش یەكەم قوربانی ئەو 90 كەسەیە كە برینەكانیان سەختن .

 

لەلایەكی ترەوە ولە لێدوانێكی پێشوتریدا كاوە شێخ عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ كار وباری هونەری پێشتر بە كوردیوی ڕاگەیاند: ئەوان ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ لێستێك لە بریندارن تا لەڕێگەی بەرپرسی سەفیرەكانی عێراقەوە ڕەوانەی عەرەبستانی سعودیە بكرێن بۆ چارەسەر .

 

كۆچی دوای بەركەوتویەكی تری چەكی كیمیایی لەكاتێكدایە كە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە بەركەوتوان لە 2007دا لەهەڵەبجە بونیان نراوە تا ئێستا نەتوانراوە هیچ خزمەتێكی تێدا پێشكەش بكرێت هەرچەند لەشارەكەدا 400 برینداری شارەكە بەردەوام لە چاوەڕوانی چارەسەری بەردەوامن لە دەرەوەی وڵات .

 

 

 

سەلام بێستانسوری